ئەمریکا سزای هەر لایەنێک دەدات یارمەتیی کەشتییە ئێرانییەکە بدات

رووداو - هەولێر 

ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشە دەکات لە هەر لایەنێک کە بیەوێت یارمەتی کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی ئادریان دەریا، کە پێشتر بە ناوی گرەیس-1 بوو، بدات.

هەڕەشەی ئەمجارەی ئەمریکا تەنها تایبەت نییە بە وڵاتان، بەڵکو کۆمپانیا تایبەتەکانی بواری کەشتیوانیش دەگرێتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، بە تووندی سزای ئەو کۆمپانیایانەی بواری کەشتیوانی دەدات ئەگەر هاوکاری کەشتییەکەی ئێران بکەن.

پێشتریش مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا سوورە لەسەر داواکەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە ئێرانییە. 

کەشتییە ئێرانییەکە، کە هەڵگری دوو ملیۆن بەرمیل نەوتە، دوای دەستەبەسەرداگرتنی لە جەبەلتاریق، ئازادکراوە و رێگەی گرتووەتە بەر. 

یۆنان بە شێوەیەکی فەرمی رایگەیاندووە، ئامادە نییە هیچ جۆرە هاوکارییەک پێشکەش بەو کەشتییە بکات و رێگەنادات لە کەناراوەکانی لەنگەر بگرێت.

زەریف: ئازادی هاتووچۆی دەریایی بۆ هەمووانە 

هاوکات محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج رایگەیاند، وەک یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئازادی هاتووچۆی دەریایی پێویستی بەوەیە لەلایەن هەموو وڵاتانەوە چاودێری بکرێت و هاوکات هەموو وڵاتێکیش بگرێتەوە.

زەریف راشیگەیاند، نابێت ئەو ئازادییە، بەتەنیا ناوچەیەکی دیاریکراو بگرێتەوە، لە گەرووی هورمز ئازادی هاتووچۆی دەریایی هەبێت، بەڵام لە گەرووی جەبەلتارق نەبێت، بەڵکو دەبێت ئەو ئازادییە هەموو کەسێک و هەمووشوێنک بگرێتەوە.

بڕیارەکەی ئەمریکا لەکاتێکدایە شەممەی رابردوو، دادگای واشنتن فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی کەشتی نەوتهەڵگری گرەیس-1 ـی ئێرانی دەرکرد کە پێشتر لەلایەن بەریتانیا دەستی بەسەرداگیرابوو و دوای نزیکەی شەش هەفتە ئازادکرا.

دادگاکە فەرمانی بە هێزەکانی ئەمریکا کردبوو دەستبەسەر کەشتی گرەیس-1 و بارە نەوتەکەیدا بگرن.