لە فلیپینەوە دەڵێ بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان

رووداو - رواندز

وێنەی سەرەكی واڵەكەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بە ئاڵای كوردستان رازاندووەتەوە. ئەو دەڵێ‌ نەتەوەیەك رووبەڕووی كۆمەڵكوژی و كارەساتی وەك ئەنفال و كیمیاباران و راگواستن بووبێتەوە، هیچ مانای نییە تاوەكو ئێستا خاوەنی دەوڵەت نەبێ‌.

كریس مالین ئەبۆلوشیۆن، كچە بازرگانێكی تەمەن 34 ساڵەی فلیپینییە، تاوەكو ساڵێك لەمەوبەریش نەیدەزانی نەتەوەیەك هەیە بەناوی كورد. ئەو لە رێگەی فەیسبووكەوە كوڕێكی كورد دەناسێ‌، هەر لە رێگەی ئەو گەنجە كوردەوە دێتە كوردستان و ماوەی چوار رۆژ دەمێنێتەوە.

كریس كە كچێكی مەسیحییە، هەر لە رێگەی ئەو گەنجەوە كە دانیشتووی سۆرانە، واز لە ئاینەكەی دێنێ‌ و دەبێتە موسڵمان. ناوەكەشی لە كریسەوە كردووە بە نوور ئەلجەننە.

كریس خوازیارە ببێتە پردی پەیوەندیی نێوان گەلەكەی و كورد، ئەو دەڵێت "بەداخەوە تاوەكوو ئێستا خەڵكی ئێمە كوردیان نەناسیوە، من سوپاسی ئەو كوردە دەكەم كە لەڕێگای فەیسبووكەوە بووە هاوڕێم، هەر لەڕێگای ئەویشەوە گەلی كوردم ناسی".

خۆشەویستیی كریس بۆ كورد هانی دەدات سەردانی كوردستان بكات. ئەو كە لە زۆر ناوچەی كوردستان گەڕاوە، باسی كوردستان دەكات و دەڵێت "كوردستان سروشتێكی زۆر جوانی هەیە، خەڵكەكەی زۆر میهرەبان و میواندۆستن، مرۆڤ لەگەڵیان ئاسوودەیە". ئەو كە چوار رۆژ لە كوردستان ماوەتەوە دەڵێت "لەوێ‌ هەستم بە غەریبی نەكرد، وامدەزانی لە فلیپینم، رۆژانێكی جوانم بەسەربرد".



كریس سەرەڕای سەرسامبوونی بە جوانیی سروشتی كوردستان و مرۆڤدۆستیی كورد، تاموچێژی كەبابی هەولێریش لەبیر ناكات و دەڵێت ئەو چوار رۆژەی لە كوردستان ماوەتەوە زۆربەی ژەمەكان كەبابی خواردووە.

كریس ئێستا زیاتر لە هاوڕێیەكی كوردی هەیە و لە رێگەی هاوڕێكانییەوە ئاگادارە كە كورد هەوڵی سەربەخۆیی دەدات و بەنیازە لە 25ی ئەیلول گشتپرسی بكات. ئەو تەنانەت وێنەی پرۆفایلی ئەكاونتەكەی گۆڕیوە بە وێنەیەك كە بە زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لەسەری نووسراوە "بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆیی كوردستان".

لەبارەی گۆڕینی وێنەی پرۆفایلەكەی دەڵێت "بەو كارەم دەمەوێت لەڕێی سۆشیال میدیاوە بە هاوڕێكانم و دۆست و ناسیاوەكانم نیشان بدەم كە من پشتگیریی خەڵكی كوردستان دەكەم. دڵم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لێدەدات".

لە پیاوی كورد دەترسێ
 ‌
كریسی تەمەن 34 ساڵە و تاوەكو ئێستا سینگڵە، دەڵێت جارێ لە بەرنامەیدا نییە شوو بكات. بەڵام مەرجی خۆی بۆ شووكردن ئاشكرا دەكات و دەڵێت "نامەوێ‌ شوو بە كەسێكی لە خۆم بچووكتر بكەم، هەر هیچ نەبێ‌ دەبێ‌ هاوتەمەنی خۆم بێ‌، ئەگەر دوو ساڵێك لە خۆم گەورەتر بێ‌ ئەوە باشترە". 

كریس نهێنی ئەڤینداری خۆی و پیاوێكی كورد ئاشكرا دەكات و دەڵێ‌ "ساڵێك بەر لە ئێستا چاوم بە پیاوێكی كورد كەوت و 11 مانگ پەیوەندی خۆشەویستیمان هەبوو، بەڵام دوایی هاوسەرگیری لەگەڵ كچێكی وڵاتەكەی كرد، چونكە ئەمە كەلتووری ئەوانە".

ئەو بە پێكەنینەوە گوتی "لەمەسەلەی هاوسەرگیریدا، دەبێ زۆر وشیار بین و ناكرێ باوەڕ بە هەموو كەسێك بكەین، جارێ من ترسم هەیە كە هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێكی كورد بكەم، چونكە زانیومە پیاوی وا هەیە سێ‌ ژنی هەیە".