بایدن کۆرۆنای تێپەڕاند و دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی


رووداو دیجیتاڵ

پزیشکی تایبەتی جۆ بایدن دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا کۆرۆنای تێپەڕاندووە و دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی. 
 
رۆژی سێشەممە، 23ـی تەممووزی 2024، کێڤن کۆنەر، پزیشکی تایبەتی جۆ بایدن لە راگەیێندراوێکدا چاکبوونەوەی بایدنی لە پەتای کۆرۆنا راگەیاند و گوتی، "سەرۆک بایدن نیشانەکانی کۆرۆنای نەماوە؛ لەکاتی تووشبوونی بە کۆرۆنا پلەی گەرمی جەستەی ئاسایی بوو و تەندروستی ئاسایی بووەتەوە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، بایدن دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی و دەگەڕێتەوە سەر کاری ئاسایی خۆی. 
 
بایدن ئەمڕۆ دوای ئەوەی لە شوێنی مانەوەی خۆی لە دێلاوێر بەرەو واشنتن بەڕێکەوت، بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێستا هەست بە باشی دەکەم".
 
هەر ئەمڕۆ بایدن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "بەیانی لە کۆشکی سپی گوتارێک پێشکێش دەکەم لەبارەی ئەوەی چۆن کۆتایی بە ئەرکەکەم بۆ گەلی ئەمریکا دەهێنم".
 
رۆژی 17ـی ئەم مانگە، کارین ژان پێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، بایدن تووشی کۆرۆنا بووە و بۆ پشوودان دەگەڕێتەوە ویلایەتی دیلاوێر.
 
رۆژی 21ی مانگیش جۆ بایدن لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کشایەوە.
 
بایدن لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەمدایە بکشێمەوە و سەرنج بخەمە سەر ئەو ماوەیەی سەرۆکایەتیم کە ماوە."
 
دوای کشانەوەی لە کێبڕکێیەکە، جۆ بایدن لە پۆستێکی ئێکسدا پاڵپشتیی خۆی بۆ کامالا هاریس دەربڕی بۆ ئەوەی لەشوێنی ئەو ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان بۆ کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.