ئاژانسی ئەورووپا بۆ چاودێریکردنی کەشوهەوا: رۆژی 21ی تەممووز گەرمترین رۆژ بووە لە مێژوودا


رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی ئەورووپا بۆ چاودێریکردنی کەشوهەوا دەڵێت، بە گوێرەی داتا سەرەتاییەکانیان، رۆژی 21ـی تەممووز، گەرمترین رۆژ بووە تۆمار کرابێت. 
 
رۆژی سێشەممە، 23-7-2024، ئاژانسی ئەورووپا بۆ چاودێریکردنی کەشوهەوا بڵاویکردەوە، تێکڕای پلەی گەرمیی گۆی زەوی لە رۆژی 21ـی ئەم مانگەدا 17.09 پلەی سیلیزی بووە و بەوەش ئەو رۆژە گەرمترین رۆژ بووە لەسەر زەوی تۆمار کرابێت. 
 
ئاژانسەکە باس لەوە دەکات، پێش رۆژی 21ـی تەممووز، رۆژی 1ـی تەممووزی پار گەرمترین رۆژ بووە تۆمار کرابێت و ئەو رۆژە پلەی گەرمیی گۆی زەوی تێکڕا 17.08 پلەی سیلیزی بووە. 
 
بەگوێرەی ئەو ئاژانسە ئەورووپییە، ئێستا شەپۆلێکی گەرما بەشێکی زۆری ئەمریکا، باشووری ئەورووپا و رووسیای گرتووەتەوە و چاوەڕێش دەکرێت ئەم ساڵ گەرمترین مانگ لەمێژوودا تۆماربکرێت. 
 
ئاژانسی ئەورووپا بۆ چاودێریکردنی کەشوهەوا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە حوزەیرانی ساڵی 2023ـەوە کە دەکاتە 13 مانگ لەسەریەک، گەرمترین مانگەکان تۆمارکراون؛ باس لەوەش دەکات، زانایان پێشبینی دەکەن ساڵی 2024 گەرمترین ساڵ بێت لەمێژوودا و نموونەی وڵاتانی ئەورووپای هێناوەتەوە کە ئەم هەفتەیە بەشێک لە وڵاتانی ئەو کیشوەرە پلەی گەرمیان زیاتر لە 40 پلەی سیلیزی بوو. 
 
ئاژانسە ئەورووپییەکە دەڵێت، دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ریکۆردی گەرمترین رۆژ تۆماربکرێتەوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما. 
 
لەبارەی مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئیان کیلمان، مامۆستای زانکۆی لەندەن دەڵێت، "دەبێت ترسمان لەم دۆخە هەبێت، چونکە ئێستا بە شەویش هەر گەرمە و دەکرێت ئەوەش مەترسی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ هەبێت، بەهۆی ئەوەی جەستەی مرۆڤ دەرفەتێکی ئەوتۆی نییە فێنک بێتەوە."