بەڕێوەبەری یەکەی پاسەوانی تایبەتی ئەمریکا دەستی لەکارکێشایەوە

23-07-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کیمبەرلی چیتڵ، بەڕێوەبەری گشتیی یەکەی پاسەوانی تایبەتی ئەمریکا دەستی لەکارکێشایەوە.
 
رۆژێک دوای بانگکردنی بۆ کۆنگرێس و پرسیارکردن لێی لەلایەن ئەندامانی کۆنگرێسەوە، کیمبەرلی چیتڵ، بەڕێوەبەری گشتی یەکەی پاسەوانی تایبەتی ئەمریکا دەستی لەکارکێشایەوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 22-7-2024، چیتڵ لە کۆنگرێس دانی بەوەدانا هێزەکەی شکستی هێناوە لە پاراستنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ئەوەش کاتێک لە ویلایەتی پێنسلڤانیا بانگەشەی هەڵبژاردنی دەکرد و تەقەی لێکرا. 
 
دوای هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ لە 13ـی تەممووز، ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری داوای دوورخستنەوەی چیتڵیان لە پۆستەکەی کرد، بەهۆی ئەوەی هێزەکەی نەیانتوانیوە سەرۆکی پێشوو لە مەترسی بپارێزێت. 
 
چیتڵیی تەمەن 53 ساڵ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێسدا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوویەوە و وەڵامی هەندێک پرسیاریشی بە وردی نەدایەوە.
 
دوای هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ترەمپ، بەشێک لە کۆمارییەکان رایانگەیاند، چیتڵ لە جۆ بایدنەوە نزیکە و هەر ئەویش لە ساڵی 2022 لەو پۆستە دایناوە و بە دژە ترەمپ ناویان برد.
 
هاوکات میدیای ئەمریکا چەندین راپۆرتیان بڵاوکردەوە و تێیاندا ئاماژە بەوە کرابوو، چەندین جار تیمی پاسەوانی ترەمپ داوای پاسەوانی زیاتریان لە کاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ کردووە، بەڵام داواکارییەکان لەلایەن یەکەی پاسەوانی تایبەتەوە رەتکراونەتەوە. 
 
هەروەها رەخنەی ئەوە لەو یەکە تایبەتە گیرا کە پاسەوانی پێویستی لەسەر ئەو باڵەخانەیە دانەناوە کە لە لێیەوە رۆژی 13ـی مانگ تەقەکەرەکە تەقەی لە ترەمپ کرد. 
 
چیتڵ 27 ساڵە لەو یەکە تایبەتە خزمەتی دەکات و لە ساڵی 2021 بایدن خەڵاتی سەرۆکایەتی پێبەخشی، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی لەو هێزەدا کردوویەتی. 
 
لەبارەی بڕیارەکەوە مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە کۆمارییە، رایگەیاند، "دەبوایە هەفتەی رابردوو ئەو بڕیارەی بدایە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا