بە نێوەندگیریی چین، فەتح و حەماس لەسەر بەڕێوەبردنی غەززەی دوای جەنگ رێكکەوتن


رووداو دیجیتاڵ

بە نێوەندگیری چین، فەتح و حەماسی فەلەستینی لەسەر پێکهێنانی حکومەتێكی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی غەززەی دوای شەڕ، رێککەوتن.
 
رۆژی سێشەممە، 23-7-2024، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند: "14 گرووپی فەلەستینی لە نێویاندا فەتح و حەماس لەسەر پێکهێنانی 'حکومەتی ئاشتەوایی نیشتمانی کاتی' رێککەوتوون بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لە قۆناخی دوای کۆتاییهاتنی شەڕ".
 
مووسا ئەبوو مەرزووق، سەرکردە لە حەماس کە سەرۆکایەتیی شاندەکەی حەماسی کردووە رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئێمە رێککەوتنی یەکگرتووی نیشتمانیمان واژۆکرد و رێگەی تەواوکردنی ئەو رێگەیە یەکگرتووی نیشتمانیمانە، بۆیە ئێمە دەست بە یەکگرتووی نیشتمانیمانەوە دەگرین و بانگەشەشی بۆ دەکەین".
 
موستەفا بەرغووسی، سکرتێری گشتیی "دەستپێشخەری نیشتمانی فەلەستین" کە بەشداریی گفتوگۆکانی کردووە، گوتی: "ئەمە گرنگییەکی تایبەتی هەیە نەک تەنیا لەبەر ئەوەی بە باشترین رێککەوتن گەیشتوون بەراورد بە رێککەوتنەکانی دیکە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەم رێککەوتنە کە کراوە کرداری و پڕ لە وردەکارییە".
 
رێککەوتنەکە لە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆی چڕ لەنێوان فەتح و حەماس و 12 گرووپی دیکەی فەلەستین لە پەکین بە نێوەندگیریی بەرپرسانی چین کرا. ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاشکرایکرد "گرووپە جیاجیاکانی فەلەستین" راگەیێندراوی پەکین یان واژۆکرد و کۆتاییان بە دابەشبوونی ریزەکانیان هێنا و یەکگرتوویی نیشتمانییان بەهێزتر کرد.
 
ئەمە یەکەمجارە 14 گرووپی فەلەستینی پێکەوە لەسەر نەخشەڕێگەیەک رێکبکەون، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەکراوە کەی و چۆن ئەو "حکومەتە کاتییە" پێکدەهێندرێت.
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین گوتی: "چین و فەلەستین برایەکی باش و هاوبەشێکی متمانەپێکراوی یەکدین. چین هیوای هەیە گرووپە فەلەستینییەکان بە خێرایی هەنگاو بەرەو 'یەکگرتوویی نیشتمانی' دەنێن و لەسەر بنەمای ئاشتەوایی ناوخۆییان دەوڵەتێكی سەربەخۆ دادەمەزرێنن، پەکین بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە".
 
"رێککەوتنی پەکین" لەکاتێکدایە جەنگی غەززە پێی ناوەتە دەیەمین مانگ و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 39 هەزار دانیشتووی غەززە بە بۆردومان و تۆپبارانی ئیسرائیل کوژراون و سەرووی 10 هەزار کەسیش بێسەروشوێنن، ئەوە سەرباری ئاوارەبوونی لانیکەم دوو ملیۆن کەس و برسیبوونی زۆربەی دانیشتووانی کەرتەکە کە بە 2.3 ملیۆن مەزەندە دەکرێن.
 
لە هەفتەی یەکەمی جەنگەکەوە، حکومەتی ئیسرائیل باس لە "رۆژی یەکەمی دوای شەڕەکە" دەکات واتە قۆناخی دوای کۆتاییهێنان بە حەماس و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کەرتەکە بە جۆرێك گارانتیی ئاسایشی ئیسرائیل بکرێت و هێرشی لەوەی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس دووبارە نەبێتەوە.
 
لە ماوەی رابردوودا، حەماس سەرجەم دەستپێشخەرییەکانی رەتکردەوە کە باسیان لە وازهێنان لە دەسەڵات و چوونە دەرەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەکە دەکرد لەگەڵ گارانتیکردنی ژیانیان. ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە قەتەرەوە جەختی لەوە دەکردەوە "هیچ چارەسەرێک بەبێ حەماس لە غەززە نابێت".
 
ئیسرائیل لە ساڵی 1967ـەوە کۆنترۆڵی کەرتی غەززەی کرد، لە 2005 لێی کشایەوە؛ لە کانوونی دووەمی 2006 هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کەرتی رۆژئاوا و غەززە کرا؛ بە بەشداریی نزیکەی 77٪ی فەلەستینییەکان، لە کۆی 132 کورسییەکەی پەرلەمان، بزووتنەوەی حەماس براوەی 74 کورسی بوو، لە کاتێكدا فەتح 45 کورسی بردەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە پێکدادانی نێوان فەتح و حەماس لە 2007 سەریکێشا. دواجار، دەسەڵاتی حەماس ئەندام و بەرپرسانی فەتحیان لە غەززە دەرکرد و فەتحیش بەرپرسانی حەماسیان لە کەرتی رۆژئاوا دەرکرد و لەو کاتەوە فەتح فەرمانڕەوایەتیی کەرتی رۆژئاوا دەکات و غەززەش لە ژێر فەرمانڕەوایەتیی رەهای حەماسە.
 
سەرەڕای دەیان هەوڵی وڵاتانی عەرەب و بیانی بە سەرپەرشتیی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا، حەماس و فەتح رێکنەکەوتن.
 
لە ساڵی 2007ـەوە ئیسرائیل گەمارۆیەکی قورسی بەسەر غەززەدا سەپاندووە و رێگەی وشکانی و دەریایی و ئاسمانی لێگرتوون. 
دانیشتووانی غەززە لە رێگەی لێدانی تونێلەوە لە غەززەوە بۆ ژێر زەویی میسر، خۆراک و پێویستیی ژیان و گوزەرانیان بۆ خەڵک دابین دەکرد، ئیسرائیل بەرپرسانی حەماس بە بەکارهێنان ئەو تۆنێلانە بۆ بە قاچاخبردنی چەک و کەرەستەی سەربازی تۆمەتبار دەکرد و ناوە ناوە تونێڵەکانی بۆردوومان دەکرد.
 
هەوڵەکانی پەکین بۆ یەکخستنی گرووپە فەلەستینییەکان لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە دەستیانپێکرد؛ دوای چەند کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بە سەرپەرشتیی چینییەکان، لەسەر زنجیرەی دووەمی کۆبوونەوەکان لە مانگی حوزەیران رێککەوتن؛ بەڵام کۆبوونەوەکان بۆ ئەم مانگە دواخران.
 
وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند: "چین هەمیشە رۆڵی پایەدارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەبووە، پێویستە ئاگربەستی گشتگیر و هەمیشەیی هەبێت و پالپشتی هەوڵەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بکرێت و لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدا بنرێت".