کوڕێکی ئیلۆن مەسک رەگەزی خۆی دەگۆڕێت، ئەویش دەڵێ 'کوڕەکەم کوژراوە'

رووداو دیجیتاڵ 

ئیلۆن مەسک، ملیاردێری بەنێوبانگی ئەمریکی، رەوتێکی چەپەکان تۆمەتبار دەکات بەوەی کوڕێکی ئەویان ''کوشتووە''؛ کوڕەکەی مەسک لە راستیدا نەمردووە، بەڵام رەگەزی خۆی گۆڕیوە.
 
کوڕەکەی مەسک ناوی زاڤیێر بووە، دوای گۆڕینی رەگەزەکەی ناوی خۆی بۆ ڤیڤیان گۆڕیوە. مەسک بە "کوژراو"ـی دەستی رەوتێکی چەپڕۆ هەژماری دەکات. 
 
مەسک ئاماژە بەوە دەکات، کوڕەکەی لە لایەن ئەو رەوتە چەپەی کە لە ئەمریکا بە "وۆک" دەناسرێن، هەڵخەڵەتێنراوە بۆ ئەوەی رەگەزی خۆی بگۆڕێت و خۆی بکات بە کچ. 
 
وۆکەکان سەرسەختانە داکۆکی لەوە دەکەن پێویستە منداڵان مافی ئەوەیان هەبێت، بێ رەزامەندیی دایک و باوکیان، رەگەزیان بگۆڕن. 
 
مەسک ئەوانە بە "ڤایرۆس" ناودەبات و بەڵێنی "تێکشکاندن"ـیان دەدات. 
 
خاوەنی کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس و تێسلا دەشڵێت، خۆیشی فریودراوە بۆ ئەوەی هەندێ بەڵگەنامەی رەزامەندی واژۆ بکات تاوەکو پزیشکەکان دەرمانی رێگریکردن لە باڵغبوون بە کوڕەکەی بدەن. ئاماژە بەوەش دەکات کە نەیزانیوە ئەو دەرمانانە لە بنەڕەتدا دەرمانی خەساندنن. 
 
لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ جۆردن پیتەرسن، دەروونناسی کەنەدی کە شەوی رابردوو بڵاوکرایەوە، مەسک دەڵێت "ئەوە بەسەر یەکێک لە کوڕە گەورەکانمدا هات، من هەڵخەلەتێنرام بۆ ئەوەی بەڵگەنامەکانی یەکێک لە کوڕەکانم بە ناوی زاڤیەر، واژۆ بکەم. پێش ئەوەی بزانم خەریکە چی روودەدات، ئەم شتە روویدا. ئەو کات کۆرۆنا هەبوو، بۆیە سەرلێشێوانێکی زۆر هەبوو و بە منیان گوتبوو رەنگە زاڤیێر خۆی بکوژێت" ئەگەر دەرمانی رێگریکردن لە باڵغبوون وەرنەگرێت. 
 

مەسک گوتی، لەو کاتەوە بەڵێنی بە خۆی داوە،  "ڤایرۆسی هزر و بیری وۆکەکان" لەنێوببات. 
 
لە ئەمریکا فەرمانگەیەکی تایبەت بە رەگەزگۆڕین بە ناوی "چاودێریی پشتڕاستکردنەوەی رەگەز" هەیە. مەسک پێیوایە، پێویستە ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن و هزری رەگەزگۆڕین دەخەنە مێشکی منداڵانەوە، بخرێنە زیندان. 
 
ملیاردێرەکە گوتیشی "من کوڕەکەم لەدەستدا."
 
لە کاروباری فەرمیی ئەمریکا، ئەوانەی دوای رەگەزگۆڕین ناویشیان دەگۆڕن، ناوە کۆنەکەیان بە "ناوی مردوو" وەسفدەکرێت. 
 
ئیلۆن مەسک دەڵێت، وەسفکردنی ناوەکە بەو شێوەیە، "بێ هۆکار نییە." دەشڵێت، "هۆکاری ئەوەی کە پێی دەگوترێت ناوی مردوو، ئەوەیە کە کوڕەکەم مردووە، زاڤیێری کوڕم مردووە، لە لایەن ڤایرۆسی هز ر وبیری وۆکەکانەوە کوژرا."
 
دوای بێدەنگبوونێکی تا رادەیەک درێژ، مەسک گوتی "لە دوای ئەوە، بەڵێنمدا ڤایرۆسی هزر و بیری وۆکەکان تێکبشکێنم."
 
نوێترین لێکۆڵینەوەکان، لەوانەش لێکۆڵینەوەیەکی ئەمساڵی Mayo Clinicـی ئەمریکی دەریدەخات؛ دەرمانەکانی رێگریکردن لە باڵغبوون دەکرێت کاریگەریی هەمیشەییان هەبێت و پێچەوانەکردنەوەیان ئەستەمە، وێڕای ئەوەی هەندێ لێکۆڵینەوەی دیکە دەڵێن، دەکرێت شتەکە پێچەوانە بکرێتەوە. 
 
زاڤیێر پێش ئەوەی لە حوزەیرانی 2022، رەگەز و ناوی بگۆڕێت، تەمەنی 18 ساڵ بوو. 
 
ئەو کات زاڤیێر داوای کرد ناوی بگۆڕێت بۆ ڤیڤیان و ناوی مەسکیش لە ناوەکەی بکرێتەوە، لەبری ئەو، ناوی دایکی بخاتەسەر.
 
هەر ئەم مانگە، ئیلۆن مەسک بڕیاریدا بارەگای سەرەکیی سپەیس ئێکس لە کالیفۆرنیا بگوازێتەوە بۆ تێکساس، ئەوەش دوای ئەوەی گاڤن نیوزەم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا یاسایێکی دەرکرد، کە وادەکات قوتابخانەکان نەتوانن دایکان و باوکان ئاگادار بکەنەوە ئەگەر منداڵەکانیان بیانەوێت جێناوی خۆیان بگۆڕن، یان بیانەوێت بە رەگەزێکی دیکە هەژمار بکرێن.