رووداو دیجیتاڵ
بارانی بەخوڕ لە ناوەڕاستی ئەفغانستان لافاوی لێکەوتەوە، بەو هۆیەوە 26 کەس گیانیان لەدەستدا و 40 کەسی دیکەش بریندار بوون، زیانیش بە چەندین خانوو و باڵەخانە کەوتووە.
لافاوەکە ناوچەی جلزیری لە ویلایەتی مەیدان وەردکی نێوەڕاستی ئەفغانستانی گرتووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 23ی تەممووزی 2023، زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ لە نێوەڕاستی وڵاتەکە و دروستبوونی لافاو، 26 کەس گیانیان لەدەستداوە و 40 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها دەڵێت، لافاوەکە زیانی مادیشی لێکەوتووەتەوە.
ئۆفیسی سەرۆکی شارەوانیی ویلایەتی مەیدان وەردک بڵاویکردەوە، سەدان شوێنی نیشتەجێبوون رووخاون و زیانیش بەر هەزاران هێکتار زەویی کشتوکاڵی گەیشتووە.
زەبیحوڵڵا موجاهید گوتی، حکومەت هەوڵدەدات بە زووترین کات هاوکاری بگەیێنێتە ناوچە زیانبەرکەوتووەکان.
لە رۆژی هەینییەوە بارانی بەخوڕ چەند ناوچەیەکی ئەفغانستانی گرتووەتەوە و لافاوی لێکەوتووەتەوە.
شەفیعوڵڵا رەحیمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەوڵەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان رایگەیاند، لە رۆژی هەینییەوە 31 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە و زیانی زۆریش بە خانوو و باڵەخانە و زەویی کشتوکاڵی کەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ