پووتین: هێرشە پێچەوانەکانی ئۆکراینا شکستیان هێناوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رووسیا دەڵێت، هێرشە پێچەوانەکانی ئۆکراینا لە چەند مانگی رابردوودا شکستیان هێناوە. سەرەڕای ئەوەی پێنتاگۆن رایگەیاندووە کە هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینا پرۆسەیەکی دوورودرێژ و خوێناوی دەبێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 23ی تەمووزی 2023، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە شاری سان پیتەرسبێرگی رووسیا، لەگەڵ ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس کۆبووەوە و باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئۆکراینا کرد.
 
بەگوێرەی میدیای رۆژئاوا، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی بێلاڕووس کە هاوپەیمانێکی نزیکی پووتینە، راگەیاندووە، "ئۆکراینا هیچ هێرشێکی پێچەوانەی نەبووە"، پووتینیش لە وەڵامدا پێیڕاگەیاندووە، "بەڵێ هێرشی پێچەوانەیان هەبووە، بەڵام شکستیان هێناوە". 
 
سوپای ئۆکراینا بە پشتیوانیی چەکی پێشکەوتووی وڵاتانی رۆژئاوا، لە سەرەتای مانگی حوزەیران، هێرشی پێچەوانەی دەستپێکرد، بەڵام لەوکاتەوە ئەوەندە دەستکەوتی نەبووە لە بەرامبەر بە سوپای رووسیا کە لە سەرەتای هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022، نزیکەی  16٪ی خاکی ئۆکراینای گرتووە. 
 
ئەم لێدوانە نوێیەی پووتین لە کاتێکدایە، کە رۆژی 21ی ئەم مانگە، مارک میڵی، سوپاسالاری ئەمریکا لەبارەی هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینا رایگەیاند، هێرشەکان "پرۆسەیەکی دوورودرێژ و خوێناویی دەبێت، بەڵام شکستیان نەهێناوە". 
 
هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا، باسی پێگەی داهاتووی گرووپی ڤاگنەر کرا، کە لە دوای یاخیبوونە 24 کاژێرییەکەیان لە دژی مۆسکۆ لە مانگی رابردوو، چەکدارەکانیان رەوانەی بێلاڕووس کردووە.
 
رۆژی 21ی ئەم مانگەش، وەزارەتی بەرگریی بێلاڕووس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، چەکدارانی گرووپی ڤاگنەر مەشقەکانیان لەگەڵ سەربازانی بێلاڕووس لە ناوچەیەکی نزیک سنووری پۆڵەندا دەستپێکردووە. 
 
رۆژێک پێش ئەو بەیاننامەیەی بێلاڕووس، یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر، لە ڤیدیۆیەکدا بەخێرهاتنی چەکدارەکانی بۆ بێلاڕووس دەکات و پێیان رادەگەیێنێت، کە ئەوان چیدیکە بەشداری لە جەنگی ئۆکراینا ناکەن و زیاتر سەرنجیان لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانیان لە وڵاتانی ئەفریقا دەبێت. 
 
لە بەرامبەردا پۆڵەندا، کە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆیە، هێزێکی زۆری بۆ سەر سنوورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ بێلاڕووس جووڵاندووە. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، پووتین رایگەیاندووە، وڵاتەکەی هەموو رێکارێک دەگرێتەبەر بۆ بەرگریکردن لە بیلاڕووسی هاوپەیمانی.