رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، لە دژی سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دواخست.
رۆژی یەکشەممە 23-7-2023 کیڤن هووک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند "هۆکاری دواخستنی سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بۆ عێراق، دوایین پێشهاتەکانی نێو ئەو وڵاتەن، کە خۆیان لە پشێوی و تووندوتیژی دژ بە باڵیۆزخانەی سوێد و رێکخراوێكی ناحکومی دانیمارک دەبینێتەوە." گوتیشی "لەم کاتەدا ناکرێت ئەگەری سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی زیاتر پەیوەست بە ئاسایش و تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی لەو وڵاتە، لەبەرچاو نەگیرێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا، بڕیار بوو ئەمڕۆ (یەکشەممە، 23-7-2023) بۆریس پیستۆرییەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سەردانی عێراق و پاشان هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆببێتەوە.
رۆژی 20ـی ئەم مانگە لایەنگرانی سەدر لە بەغدا ھەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد و سووتاندیان، وەک کاردانەوەیەک دژی رێگەدانی وڵاتی سوێد بە سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز، حکومەتی سوێدیش کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا گەڕاندەوە و کارەکانی باڵیۆزخانەکەی لە عێراق بەشێوەیەکی کاتی راگرت.
رۆژی شەممە 22-07-2023، دەیان هاووڵاتیی عێراقی، کە زۆربەیان لایەنگری رەوتی سەدر بوون، خۆپێشاندانیان کرد و هەوڵیاندا بچنە سەر باڵیۆزخانەی دانیمارک لە ناوچەی سەوزی شاری بەغدا، ئەوەش دوای ئەوەی ئەندامانی گرووپێکی تووندئاژۆ لە دانیمارک بە ناوی "Danske Patrioter" [نیشتمانپەروەرانی دانیمارکی] لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنھاگن قورئانی پیرۆزیان سووتاند و سووکایەتییان بە ئاڵای عێراق کرد.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هێرشکراوەتە سەر بارەگای کۆمپانیای DCRـی دانیمارکی کە لەبواری هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچەی شەتولعەرەب لە بەسرە کاردەکات و، بەهۆیەوە ژمارەیەک کەرەڤانەی سەر بە کۆمپانیاکە سووتاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ