ئیسرائیلییەکان دژی پڕۆژەیاسای چاکسازیی دادوەرین؛ "دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران بەهێزدەکات"

رووداو دیجیتاڵ 

حەوت مانگە هەموو رۆژانی شەممەیەک بێ دابڕان، دەیان هەزار دانیشتووی ئیسرائیل دژی پرۆژە یاسای حکومەتە راستڕۆکەی نەتانیاهوو خۆپیشاندان دەکەن و دەڵێن ئەوەی ناوی "چاکسازیی دادوەری"یان لێ ناوە هیچ شتێک نییە جگە لە بەهێزکردنی دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران.
 
ئەمیر فوچس، شرۆڤەکاری سیاسییە و دەڵێت، "خۆپیشاندەران دژی چڕکردنەوەی دەسەڵاتن لە دەستی حکومەت. ئەگەر حکومەتە توندڕۆکەی نەتانیاهوو دەستی کراوەتر بێت، دیموکراسییەت و مافی مرۆڤمان کۆتاییدێت".
 
پرۆژە یاساکە دەستی حکومەت لە دەستنیشانکردنی دادوەرانی دادگاکان لە نێویاندا دادگای باڵا کراوەتر دەکات. لە بەرامبەردا دەستی دادگای باڵا لە رەتکردنەوەی بڕیارەکانی حکومەت و وەستان دژی یاسا پەسندکراوەکان لە پەرلەمان سنووردارتر دەکات.
 
لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا هاوپەیمانیی راستڕۆی حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی نەتەنیاهوو بە 64 دەنگە زۆرینەکەی نێو کنێست، سەرکەوتوو بوو لە تێپەڕاندنی خوێندنەوەی یەکەمی پرۆژە یاساکە و ئەوەش ئارامیی لە ئۆپۆزسیۆن بڕی و هەندێکیان هۆڵەکەیان جێهێشت.
 
یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن دەڵێت، "ئەم پرۆژە یاسایە نابێت تێپەڕێندرێت. ئەگەر لە خوێندنەوەی یەکەم سەرکەوتوو بن لە دووەمدا شکست دەهێنن و لە دووەمیشدا سەرکەوتوو بن، حکومەتەکەتان بە دەنگدەری ئیسرائیلی شکستی پێ دەهێنرێت".
 
نەتانیاهوو دەڵێت، پرۆژە یاساکە هیچ کاریگەری نەرێنی لەسەر سیستمی دیموکراسی وڵات نابێت، بەڵام پێناچێت ئەو قسەیە لای زۆربەی خەڵک جێگەی باوەڕپێکردن بێت. 
 
راپرسییەکی تەلەفزیۆنی فەرمی ئیسرائیل دەریخستووە، تەنیا 31٪ی ئیسرائیلییەکان پشتگیری لە پرۆژە یاساکە دەکەن و 43٪ی رەتی دەکەنەوە.
 
لە نوێترین پێشهاتدا، 10 هەزار سەربازی یەدەگی ئیسرائیلیش لە هێزی وشکانی و ئاسمانی و دەریایی مانیان لە خزمەتکردن گرت.
 
ئێران ئێتزییۆن، سەربازی یەدەگە و دەڵێت، "ئێمە ئێستا سەرقاڵی ئەنجامدانی کارێکین کە بە راستی ئازارمان دەدات بەڵام ناچارین بیکەین، چونکە مەترسی پڕۆژە یاساکەی حکومەت بۆسەر وڵات و کۆمەڵگەکەمان زۆر مەترسیدارترە".
 
لە کاتێدا نەتانیاهوو تەندرووستی تێکچووە و ئامێری رێکخستنی لێدانی دڵی بۆ دانراوە، فراکسیۆنەکەی لە کنێست نەوەستاون و بڕیارە 24ی ئەم مانگە لە کنێست خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاساکە بکات.