جیهان
دوای بۆردوومانەکە، خەڵك چوونە نزیک کەنیسەی ئۆدێسا. وێنە: دڵنیا رەحمان - نێردراوی رووداو بۆ ئۆکراینا
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی بەڕێوبەرایەتیی هەرێمی ئۆدیسا بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی مووشەکیی سوپای رووسیادا بۆسەر بەندەری ئۆدیسا لەسەر دەریای رەش، دوو کەس کوژران و 22ـی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی یەکشەممە، 23 تەممووزی 2023، هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، رووسیا بە 19 مووشەکی جۆراوجۆر هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا، هێرشەکەش زیانی گیانی و ماڵی هەبووە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دوای هێرشەکە، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کرد و رایگەیاند، "مووشەک لە دژی شارەکان، لە دژی شوێنی نیشتەجێبوون و ئایینی و کەنیسە کراوە." دەشڵێت، "هێرشی تۆڵەکردنەوەمان لە دژی هێرشی رووسیا بۆسەر بەندەری ئۆدیسا دەبێت."
لەو هێرشەی سوپای رووسیا بۆسەر بەندەری ئۆدیسا، دوو هاووڵاتی کوژران و 22ـی دیکەش کە چواریان منداڵبوون، برینداربوون، ئەوەش بەگوێرەی دەستەی بەڕێوبەرایەتیی هەرێمی ئۆدیسا.
بەگوێرەی تویتێکی دیمیترۆ کولیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، هەر لەو هێرشەدا، کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسەکان کە لە لیستی پارێزگاری رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، لە ئۆدێسا خاپوور کرا.
بەپێی راگەیێندراوەکەی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا، رووسیا لەو هێرشانەیدا مووشەکی پی800 ئۆنێکس، مووشەکی کالیبر و مووشەکی بالیستی ئیسکاندەری بەکارهێناوە.
شەڕی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا لە مانگی شوباتی 2022 دەستیپێکرد و بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دەستپێکی شەڕەکەوە تاوەکو 18ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، نۆ هەزار و 83 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و 15 هەزار و 779 هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ