لە ژاپۆن کەسێک بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر سێ کەس و برینداریان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ژاپۆن بڵاویکردەوە، هاووڵاتییەکی تەمەن 37 ساڵ هێرشیکردووەتە سەر ژمارەیەک کەس لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر و سێ کەسی بریندارکردووە.
رۆژی یەکشەممە (23ـی تەممووزی 2023) هاووڵاتییەک بە چەقۆ هێرشیکردە سەر ژمارەیەک کەس لە وێستگەیەکی شەمەندەفەری شاری ئۆساکا لە رۆژئاوای ژاپۆن و لە ئەنجامدا سێ کەسی بریندار کرد.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئۆساکا، دووان لە بریندارەکان لە بیستەکانی تەمەنیاندان و ئەوی دیکەش لە حەفتاکانی تەمەنییەتی، سەرجەمیشیان دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
پۆلیسی ئۆساکا رایگەیاند، هێرشکارەکە تەمەنی 37 ساڵە و بە سێ چەقۆوە دەستگیرکراوە، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانەکەی ئەنجام داوە.
پۆلیس ئاماژە بەوە دەکات، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی پاڵنەری هێرشەکە.
ئەنجامدانی تاوانی تووندوتیژی لە ژاپۆن شتێکی نامۆیە و ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە تووندترین یاسای هەڵگرتنی چەکی هەیە و، ساڵانە کەمترین تاوانی کوشتنی لێ دەکرێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەندێک جار هەوڵی کوشتن و تیرۆرکردنی لێ ئەنجامدەدرێت، لەوانەش کوشتنی شێنزۆ ئابێ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ژاپۆن لە ساڵی 2022ـدا.
ئامارێکی ورد لەبارەی ئەو هێرشانە نییە کە ساڵی رابردوو بە چەقۆ لە ژاپۆن ئەنجامدراون، بەڵام ئامارە فەرمییەکان باس لەوە دەکەن لە ساڵی 2022 لە ژاپۆن بەشێوەیەکی گشتی 601 هەزار و 389 تاوان تۆمارکراون، ئەوەش بەراورد بە ساڵی پێشتر 5.9٪ زیادیکردووە.