لە کۆنفرانسی لۆزاندا داوا دەکرێت پەیوەندییەکانی پارتی و پەکەکە ئاسایی بکرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی دووشەممە، 24ی تەممووز، 100 ساڵ بەسەر پەیمانامەی لۆزاندا تێدەپەڕێت و لە دوو رۆژی رابردووشدا، 75 پارت و لایەنی کوردستانی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بە بەشداریی رۆشنبیران، سیاسەتڤانان و دیپلۆماتکار کۆنفرانسی رەتکردنەوەی پەیماننامەی لۆزان بەڕێوەچوو. 
 
رۆژی 23ی تەممووزی 2023، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان، کۆنفرانسێکی دوو رۆژیی کۆتاییهات و بەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسەکە خوێندرایەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ژمارەیەک حیزبی باشووری کوردستان، بەتایبەتیش یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لەگەڵ تەواوی ناوەڕۆکی بەیاننامەکەدا نەبوون و نوێنەرانی ئەو پارتەش داوایان کردووە پێداچوونەوە بە بەیاننامەکەدا بکرێت و بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی یاسایی پێکهێنرێت.
 
هانا چۆمانی، رۆژنامەڤان کە لە کۆنفرانسەکە بەشداربووە، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "تێبینییەکانی یەکێتی پەیوەست بوون بە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها سیاسەتی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە. بەشێکی دیکەشیان پەیوەست بوون بە مافی پێکهاتەکان، لەگەڵ مافەکانی کوردی پارچەکانی دیکە کە لە باشووری کوردستان دەژین، بەڵام " کۆنفرانسەکە بەباشی بەڕێوەچوو و لێکتێگەیشتنی زۆر لەنێو پارت و لایەنەکان هەبووە".  
 
بڕیاربوو کۆنفرانسەکە بۆ سێ رۆژ بێت و دووشەممە دوا رۆژ بێت، بەڵام بڕیاردرا ئەمڕۆ کە دەکاتە دووەم رۆژی کۆنفرانسەکە، بکرێتە دوا رۆژی کۆنفرانسەکە. 
 
هەروەها لە کۆنفرانسەکەدا ژمارەیەک لە بەشداربووان داوایانکردووە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رێگەی کەجەکەوە ئاسایی بکرێنەوە. هەروەها لەنێوان باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دیدار و گفتوگۆ هەبێت. چونکە "داواکراوەکان پێیانوایە یەکێک لە درزەکانی نێو ئەو کۆنفرانسە، نەبوونی پەیوەندی ئەو دوو لایەنە بووە". 
 
بڕیاریش بوو سبەی دووشەممە، خۆپێشاندانێکی فراوان لە شاری لۆزان بۆ رەتکردنەوەی ئەو پەیماننامەیە بەڕێوەبچێت، بەڵام خۆپێشاندانەکە پێشخرا بۆ رۆژی 22ی مانگ. هانا چۆمانی گوتی، "هۆکاری پێشخستنەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەو هۆڵەی کە 100 ساڵ لەمەوبەر پەیماننامەی لۆزانی تێدا واژۆ کرابوو، کە بڕیاربوو خۆپێشاندانەکە بۆ بەردەم ئەو هۆڵە بێت. تورکیاش بڕیاریدابوو رێوڕەسمێک لە هەمان هۆڵ و لە هەمان رێککەوت بکات، بۆیە سەرۆکایەتی شارەوانی لۆزان بڕیاریدا هۆڵەکە نەدات بە هیچ لایەک، تاوەکو کێشە دروست نەبێت. چاوەڕێ دەکرا نزیکەی 70 بۆ 80 هەزار کوردی تاراوگەنشین بەشداری لە خۆپێشاندانەکەدا بکەن. 
 
خۆپێشاندانەکە رۆژی 22ی ئەم مانگە، لەدژی ئەو پەیماناممەیە بە بەشداری نزیکەی 15 هەزار کورد بەڕێوەچوو. خۆپێشاندەران لە دوا وێستگەی میترۆی شاری لۆزانەوە بەڕێكەوتوون تاوەكو بەردەمی ئەو هۆڵەی رێكکەوتنەكەی لێ واژۆکرا. هەر هەمان رۆژ لە شاری جنێڤی سویسراش، بە بەشداریی دەیان کەس، لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان خۆپێشاندانێک بۆ رەتکردنەوەی پەیماننامەی لۆزان بەڕێوەچوو. 
 
لەبارەی خۆپێشاندانەکەی رۆژی شەممەش، كێشە لە نێو لایەنە سیاسییەکاندا دروستبووە و حیزبەكانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕازی بوون لەوەی لەنێو خۆپیشاندەراندا ئاڵای پەكەكە و، وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە زۆر دابەشكراون.
 
بە واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان، سنووری دەوڵەتی توركیای نوێ دیاریکرا و پێداچوونەوە بە پەیماننامەی سیڤەردا کرا کە مافی چارەی خۆ نووسینی بۆ کورد دەستبەرکردبوو. پەیماننامەی لۆزان لە 24ـی تەمووزی 1923 لەلایەن تورکیا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و یۆگۆسلاڤیا بۆ دیاریکردنی سنووری نوێی تورکیا واژۆکرا، کە بووە هۆی هەڵوەشانەوەی ئەو بەڵێنانەی سێ ساڵ پێشتر بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە پەیماننامەی سیڤەردا بە کورد درابوون.