نەتەنیاهوو: چوار مانگە هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا زۆر کەمبوونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هیوادارە جیاوازییەکانی نێوان تەلئەڤیڤ و واشنتن لەسەر جەنگی غەززە و پلانی دوای جەنگ چارەسەر ببن و هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتەکەی دەستپێبکەنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، چوار مانگە هاوکارییە سەربازییەکانی ئیدارەی بایدن بۆ سوپاکەی کەمبوونەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، کابینەی حکومەتی ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند، "نزیکەی چوار مانگە، بەشێوەیەکی بەرچاو هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل کەمبووەتەوە. بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەچەند رۆژی رابردوودا بەدەستم گەیشتوون، هیوادارین و بڕواشم وایە ئەو پرسە لە داهاتوویەکی نزیکدا چارەسەر بکرێت. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا لە هەموو کات زیاتر گرنگە و کۆبوونەوەکانی چەند رۆژی داهاتووش لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی بایدن گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبن".
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەوێت و بڕیارە لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکی، راگرتنی بەشێک لە هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل باس بکات.
رایگەیاند، لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا پێشهاتەکانی غەززە و لوبنان باس دەکەن و ئامادەشن "هەموو هەنگاوێک" بگرنە بەر ئەگەر لە غەززە و لوبنان یان هەر شوێنێکی دیکە پێویست بکات.
بەهۆی جەنگی هەشت مانگ و نیوی غەززەوە، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بۆچوونی جیاوازی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەیە، بەتایبەتی لە پرسی زۆری ژمارەی قوربانییانی سڤیلی فەلەستینی.
بێجگە لە جەنگی غەززە، پرسی ئەگەری فراوانبوونی شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکانی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و بەرپرسانی ئەمریکا دەبێت.
هەفتەی رابردوو، سوپای ئیسرائیل، پلانی شەڕی لوبنانی پەسند کرد و رایگەیاند، بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی باکووری وڵات، ئۆپەراسیۆنێکی فراوان دژی حیزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ لوبنان دەکات. لە بەرامبەریشدا حیزبوڵڵا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووندی لەدژی ئیسرائیلییەکان کردووە.
بەهوێ شەڕە رۆکێت و مووشەکە هەشت مانگییەکەی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل، 60 هەزار ئیسرائیلی ئاوارە بوون و 28 کۆمەڵگەی جوونشینی باکووری ئیسرائیل چۆڵکراون.