جیهان
دانیشتوویەکی گوندی لاتاس لە باشووری یۆنان چەند بۆتڵە ئاوێکی بەدەستەوە گرتووە و لە ترسی ئاگرەکە لە ماڵ هاتووەتە دەرەوە. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی یۆنان 13 کەسی لە دوورگەی هایدرا لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەستگیرکرد بەتۆمەتی ئاگرخستنەوە.
ئەو کەسانە تۆمەتبارن بەوەی لە یەختێکدا یاریی ئاگرینیان تەقاندووە و بەو هۆیەوەش ئاگر لە دارستانی دوورگەکە کەوتووەتەوە و دواتریش ئەو ئاگرە بۆ چەند دوورگەیەکی دیکە تەشەنەی سەندووە.
بەگوێرەی تیمی بەرگریی شارستانیی یۆنان، لە شەوی هەینی رابردووەوە ئاگرەکە کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا بەتەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە و بەو هۆیەوەش ژمارەیەک گوند و شارۆچکە چۆڵکراون.
چوار لە گوندەکان لە دوورگەی ئاندرۆسی و دوو گوندیش لە دوورگەی کۆرۆپای چۆڵکراون.
بەرگریی شارستانی یۆنان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 300 دۆنم دارستان سووتاوە؛ کارمەندێکی تیمی کوژاندنەوەی ئاگریش گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی یۆنان 13 کەسی دەستگیرکردووە کە تۆمەتی ئەوەیان دەدرێتە پاڵ هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بوون.
کەوتنەوەی ئاگرەکە لە کاتێکدایە، پلەی گەرما لە یۆنان و بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەورووپا بەرزبووەتەوە.
حکومەتی یۆنانیش رێکاری راگەیاندووە بە مەبەستی رێگەگرتن لە کەوتنەوەی ئاگری زیاتر.
بەگوێرەی ئەو رێکارە نوێیانە، هەر کەسێک تاوانبار بێت لە خستنەوەی ئاگر و سووتانی دارستانەکان، سزاکەی نزیکەی 20 ساڵ زیندانیکردن یانیش 200 هەزار یۆرۆ پێبژاردن دەبێت.
ساڵی رابردوو، یۆنان رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی سووتانی دارستانەکان بوویەوە و بەو هۆیەوە 28 کەس گیانیان لەدەستدا و 75 کەسی دیکە بریندار بوون.
لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگری ساڵی رابردووش زیاتر لە 120 هەزار هێکتار دارستان سووتا و زیانەکەش بە نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار مەزەندە کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ