گرووپێکی کورد لە ئەڵمانیا خەڵات دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
گرووپێکی کولتووریی کورد لە شارێکی ئەڵمانیا لە هەرێمی باڤاریا بەشداری لە رۆژی کولتووریی شارەکەدا دەکەن و لەنێو 19 نەتەوەی جیاوازدا پلەی یەکەم بەدەستدێنن.
 
ئەمین خەڵات، هاونیشتمانییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و یەکێکە لە ئەندامانی گرووپەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە 23-6-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵانە لە شارۆچکەی نویبورک ئاندەر دۆناو نزیک شاری میونشن لە ھەرێمی باڤاریا، رۆژێکی تایبەت بە نمایشی کولتووری گەلان بە ناوی مولتی کولتی رێکدەخرێت. لەو رۆژەدا نەتەوەکان کولتوور و دابونەریتی خۆیان پیشان دەدەن". 
 
ئەمین خەڵات گوتی، ئەم ساڵ رۆژی کولتووری گەلان لە 22ی مانگ بەرێوەچوو و تێیدا 19 نەتەوەی جیاواز بەشداربوون و ئامانجیش لە رێکخستنی چالاکییەکە ئاشناکردنی دانیشتووانی ئەو شارەیە بە کولتوور و دابونەریتی جیاواز.
 
 
ئەمین خەڵات رایگەیاند: "گرووپەکەمان خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستانی تێدابوو و بە میوزیک، ستران، جلوبەرگ و خواردنی کوردستانی و بە ئاڵای کوردستانەوە بەشداربووین و سەرنجی دەستەی ناوبژیوانانمان راکێشا و توانیمان سەرکەوتن بەدەستبێنین".
 
گرووپی کولتووریی کورد سێیەمجارە بەشداری لەو چالاکییەدا دەکات، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بەو شێوەیە بە فراوانی و بە چالاکی جیاواز بەشدار دەبێت. ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، بورگ مایستەر کە بەرپرسی کارگێڕیی شارەکەیە، خەڵاتی سەرکەوتنی بە گرووپەکە بەخشی.
 
ئەمین خەڵات رایگەیاند، جگە لە کورد، گرووپی کولتووریی سووریایی، تورکیایی، رووسیایی، ئیسپانی، ئیتاڵی، سویسری، قوبرسی و چەندین نەتەوەی دیکە بەشدار بوون.