وەزیری تەندروستیی سعودیە: ئەمساڵ 1301 حاجی گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستی سعودیە دەڵێت، زیاتر لە 1301 کەس لە حەجی ئەم ساڵدا گیانیان لەدەستداوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بە ڤیزەی گەشتیاری چوونەتە ئەو وڵاتە.
رۆژی یەکشەممە 23-6-2024 فەهد عەبدولڕەحمان، وەزیری تەندروستی سعودیە رایگەیاند، زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی بەرزیی پلەی گەرما بووە و ئاماژەی بەوەشکرد، 83٪ی ئەو 1301 کەسە بە ڤیزەی گەشتیاری چوونەتە سعودیە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆریان بۆ ماوەیەکی درێژ لەبەر تیشکی خۆر بە پێ بڕۆن بۆ تەواوکردنی رێوڕەسمەکانی حەج.
وەزیری تەندروستیی سعودیە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا 95 کەس لە نەخۆشخانەکان لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و هەندێکیشیان بە فڕۆکە گواستراونەتەوە بۆ ریاز.
ئەو بەرپرسەی سعودیە گوتیشی، ناسینەوەی تەرمەکان دواکەوتووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆربەی قوربانییەکان بەڵگەنامەیان پێنەبووە؛ گوتیشی، زۆربەیان لە مەککە بەخاک سپێردراون.
لەنێو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە 660یان خەڵکی میسرن و جگە لە 31 کەسیان، ئەوانی دیکە سەرجەمیان بە ڤیزەی گەشتیاری چووبوونە سعودیە.
دوای گیانلەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرەی میسرییەکانیش، حکومەتی میسر مۆڵەتی کارکردنی لە 16 کۆمپانیای گەشتیاری سەندەوە.
بەگوێرەی بەرپرسانی سعودیە، 165 کەس لە مردووەکان خەڵکی ئیندۆنیزیان، 98 کەسیان خەڵکی هیندستانن، ژمارەیەکی بەرچاویش خەڵکی ئوردن، جەزائیر، تونس و مەغریبن و دوو هاووڵاتی ئەمریکیش لەنێو ئەو کەسانەدان کە گیانیان لەدەستداوە.
تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 23 حاجی هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراوەتەوە؛ لەو ژمارەیەش 22یان بە ڤیزەی یەک ساڵی چوونەتە حەج و کەسەکەی دیکەش بە فەرمی و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە چووە.
ئەم ساڵ زیاتر لە ملیۆنێک و 830 هەزار کەس لەسەرانسەری جیهانەوە بەشداری رێوڕەسمی حەجیان کرد. 222 هەزار هاووڵاتی سعودیش بەشداریان کرد.