رووسیا: بە چەکی ئەمریکی هێرشکرایە سەر کریمیا
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا دەڵێت، ئەمریکا بەرپرسە لەو هێرشەی ئەمڕۆ کرایە سەر نیمچە دوورگەی کریمیا. هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 100ی دیکە.
رۆژی یەکشەممە، 23ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەبارەی هێرشەکەی ئۆکراینا بۆ سەر نیمچە دوورگەی کریمیا بڵاویکردەوە، "کیێڤ و واشنتن بەرپرسن لەو هێرشە مووشەکییەی کرایە سەر هاووڵاتییانی سڤیلی کریمیا"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە بە مووشەکی ئەتاکمسی ئەمریکی کراوە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، ئەو هێرشە بێ وەڵام نامێنێتەوە.
میکایل رازڤۆژیاڤ، سەرۆک شارەوانی سیڤاستۆپۆلی کریمیا رایگەیاند: "ئۆکراینا بە پێنج مووشەک هێرشی کردووەتە سەر شارەکەمان؛ سیستمی بەرگری چوار لە مووشەکەکانی خستووەتە خوارەوە و ئاراستەی پێنجەمیشی گۆڕیوە. لە ئەنجامی هێرشەکەدا پێنج کەس کوژراون کە سێیان منداڵن و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون".
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی کیێڤ هیچیان لەبارەی هێرشەکە نەگوتووە.
ئەم هێرشە رۆژێک دوای تۆپبارانی ناوچەیەکی خارکێڤ دێت لەلایەن رووسیاوە کە بووە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی 50 کەسی دیکە.
28 مانگە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بەردەوامە. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەنگەکە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی سڤیلی ئۆکراینی.