ئەڵمانیا ئاسانکاری بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی بە کەسانی شارەزا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە لە هێزی کاری ئەڵمانیادا هەیە، پەرلەمانی ئەڵمانیا یاسای ئاسانکاریکردن بۆ پێدانی مافی مانەوە بە دەستی کاری شارەزا بۆ وڵاتەکەی پەسندکرد. یاساکە ئاسانکاری بۆ کرێکاری چەندین بواری جیاجیا دەکات لەسەر بنەمای ئاستی زمان، ئاستی خوێندن و هەبوونی پسپۆڕی لە بوارێکدا.
رۆژی هەینی، 23ی حوزەیرانی 2023، بە ئامانجی پڕکردنەوەی کورتهێنان لە هێزی کاری وڵاتەکە، یاسایەک لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا پەسندکرا کە هاوکاریی ئەو کەسانە دەکات شارەزاییان لە بوارێکدا هەیە و دەیانەوێت داوای مافی مانەوە بکەن، کە ئەوەش داواکارییەکی لەمێژینەی کۆمپانیاکان بوو بۆ ئاسانترکردنی پێدانی مافی پەنابەرێتی بە کارمەند و کرێکارانی بیانی.
بەهۆی بەرزبوونەوەی تەمەنی دانیشتووانی ئەڵمانیا، لەم ساڵانەی دواییدا وڵاتەکە لە چەند کەرتێکدا رووبەڕووی کەمیی هێزی کار بووەتەوە، لەوانەش لە تەندروستی و بونیادناندا. هەروەها، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئەڵمانیا پێشتر رایانگەیاندبوو، "نیوەی ئەو کۆمپانیا ئەڵمانییانەی کە گفتوگۆمان لەگەڵ کردوون لە دەستکەوتنی کارمەندا رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە."
رۆبێرت هابێک، وەزیری ئابووریی ئەڵمانیا پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و گوتی، "کورتهێنانی دەستی کار کێشەیەکی گەورە بوو کە رووبەڕووی ئەڵمانیا دەبووەوە؛" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەوان ئاستەنگەکانی بەردەم مافی پەنابەرێتی کەم دەکەنەوە و لە داهاتوودا کۆمپانیاکان بە شێوەیەکی زۆر ئاسانتر دەتوانن کارمەندی شارەزا وەربگرن."
یاسا نوێیەکەی ئەڵمانیا پشت بە سیستمی خاڵ دەبەستێت، واتە کارمەندێک چەند خاڵی زیاتر بێت، ئەگەری وەرگرتنی زیاتر دەبێت. خاڵەکان لەسەر بنەمای ئاستی زمان، خوێندن و شارەزایی پێی دەدرێن کە ئەمە هاوشێوەی سیستمی کەنەدایە.
سۆرستن فرای، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا لەسەر پارتی کریستیان دیموکرات بە میدیای ئەڵمانیای راگەیاند: حکومەت "ئاماژەی ئەوە بە جیهان دەدات کە هەر کەسێک بتوانێت بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی گەیاندبێتە نێو وڵاتەکە، دەتوانێت بمێنێتەوە."
ئەندامانی پەرلەمان لە پارتی دەسەڵاتداری ئەڵمانیا پشتیوانکاری دەرچوونی ئەو یاسایە بوون، بەڵام ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆن دژی بوون بە پاساوی ئەوەی یاساکە ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانە دەکات کە ئێستا لە وڵاتەکەن و داوای مافی پەنابەریەتییان کردووە یانیش کارێک دەکەن.