رووداو دیجیتاڵ
ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان ئیلۆن مەسک، خاوەنی تویتەر و مارک زوکەربێرگ، خاوەنی مێتا، لەسەر بابەتە تەکنەلۆژییەکان و شێوازی بەڕێوەبردنیان بەردەوامن. لە نوێترین کاردانەوەشدا ئیلۆن مەسک داوای رووبەرووبوونەوەی نێو قەفەس لە مارک زوکەربێرگ دەکات، ئەویش لە وەڵامدا داوای ناونیشانی شوێنی رووبەڕووبوونەوەکە دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2023، ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیاکانی تویتەر، تێسلا و سپەیس ئێکس، لە رێگەی تویتێکەوە، داوای لە مارک زوکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیای مێتا کرد لە رێگەی شەڕی نێو قەفەس رووبەڕووی یەکدی ببنەوە. مارکیش لە وەڵامدا گوتی: "ناونیشانەکەم بۆ بنێرە."
دواتر، ئیلۆن مەسک پێشنیاری ڤێگاس ئۆکتاگۆنی کرد، کە مەیدانێکی رووبەڕووبوونەوەی بۆکسێنە لە لاس ڤێگاسی ولایەتی نێڤادای ئەمریکا.
رکابەرییەکی تووند لە نێوان مارک زوکەربێرگ و ئیلۆن مەسک لەسەر بابەتی تایبەت بە تەکنەلۆژیا و بەڕێوەبردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە. ئەم تووندبوونەوەی ناکۆکیانە بەرئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی هەردوولایە بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی زیاتری بازاڕ و سەرنجڕاکێشانی زیاتری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ئیلۆن مەسک بەردەوامە لە رەخنەگرتن لە زوکەربێرگ و دەڵێت: "ناکرێت زەوی لەژێر پەنجەکانی زوکەربێرگ بێت."
ئەم رەخنانەش دوای هەوڵەکانی کۆمپانیای مێتا هاتن، بۆ دروستکردنی پلاتفۆرمێکی دیکەی سۆشیاڵ میدیا بە ناوی Threads کە وەکو رکابەری تویتەر دەبینرێت. هەروەها ئیلۆن مەسک رایگەیاند: "ناکرێت جیهانی سۆشیاڵ میدیا لەژێردەستی یەک کەس دابێت" کە مەبەستی لە مارک زوکەربێرگ، خاوەنی فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسئەپە.
تێڕوانین بۆ ژیریی دەستکرد و بەکارهێنانی یەکێکە لەو لایەنانەی گرژیی خستووەتە نێوان ئیلۆن مەسک و زوکەربێرگەوە. ئیلۆن مەسک لە چەند بۆنەیەکدا ئاماژەی بە مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد کرد. ئەو پێیوایە ژیریی دەستکرد، هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات.
لەبەرامبەردا، مارک زوکەربێرگ بیرکردنەوە و لێکدانەوەیەکی "زۆر ئەرێنییانەی" لەبارەی بابەتەکە هەیە، زوکەربێرگ پێیوایە ژیری دەستکرد دەتوانرێت بە بەشێوەیەکی "زۆر سوودبەخشتر و مانادارتر" بە بەکارهێنەرانی بناسێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ