رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ڤەفا داغ، کوردە و بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لە هەرێمی وێستن کەیپ-ی باشووری ئەفریقا، ئەو دەڵێت: زۆریی ستەم و نادادی وایلێکردووە خۆی بەربژێر بکات تاوەکو چارەسەریان بکات.
رووداو داغی دۆزییەوە و لەبارەی ئامانجی کارەکەی، بەرنامەی کارکردنی و دیدگای بۆ داهاتوو پرسیاری لێکرد.
لە وانەوە بۆ باشووری ئەفریقا
داغ لەڕێگەی ڤیدیۆیەکەوە وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە، گوتی، "ساڵی 1973 لە وان لەدایکبووم. ئەسڵم بۆ شارۆچکەی چاڵدێران دەگەڕێتەوە. ساڵی 2001 هاتمە باشووری ئەفریقا. هۆکاری هاتنم بۆ ئێرە ئەوە بوو کە من مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووم. ئەوکات هاتمە کەیپ تاون و ئێرەم زۆر خۆشویست، بە گشتی باشووری ئەفریقام خۆشویست."
لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بووەتە خاوەنی وڵاتینامە لە باشووری ئەفریقا و لە ساڵی 2006ـەوە دەستی بە کاری سیاسی کردووە لەو ناوچەیە. دەڵێت: "ئامانجم ئەوەیە پشتگیریی ستەملێکراوان بکەم و ببمە ناوی ستەملێکراوان."
وەکو خۆی باسی دەکات، ئەو مرۆڤێکە بە "فەلسەفەی 'ئەوەی بەرامبەر ناحەقی بێدەنگ بێت، لە ئێمە نییە'،" گەورە بووە. گوتی، "لەگەڵ بۆچوونی نیشتمانیم و لەژێر سایەی مامۆستا نەجمەدین ئەربەکان گەورە بووم. بەهۆی ئەوەی قوتابیی ئەو بووم و ئامادەیی پێشنوێژی و گوتارخوێنیی وانم تەواوکردووە. کەسێکم بە زانیاریی ئایینییەوە گەورە بووم."
نەجمەدین ئەربەکان، 23مین سەرۆکوەزیرانی تورکیایە. سەرۆکی چەندین پارتی سیاسی بووە؛ پارتی نیزامی میللی، پارتی سەلامەتی میللی و پارتی رەفاهـ. لە خولەکانی 14،15،16،19 و 20 پەرلەمانتاری تورکیا بووە.
ئێستا لە تورکیا هەریەک لە پارتەکانی سەعادەت و سەرلەنوێ رەفاهـ خۆیان بە میراتگری ئەربەکان دەزانن. نەجمەدین ئەربەکان 29-10-1926 لە پارێزگای سینۆپ لەدایکبوو و رۆژی 27-2-2011 لە ئەنقەرە کۆچی دوایی کرد.
ئێستا لە تورکیا هەریەک لە پارتەکانی سەعادەت و سەرلەنوێ رەفاهـ خۆیان بە میراتگری ئەربەکان دەزانن. نەجمەدین ئەربەکان 29-10-1926 لە پارێزگای سینۆپ لەدایکبوو و رۆژی 27-2-2011 لە ئەنقەرە کۆچی دوایی کرد.
بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی وێستن کەیپ
لە گوتەکانیدا محەممەد ڤەفا داغ باسی لە بوونی ستەمی زۆر لە ناوچەکەدا کرد، بۆیە بڕیاریداوە بەرەنگاری ئەو ستەمە ببێتەوە و مافی ستەملێکراوان وەربگرێت.
ئێستا رکابەریی تووند لەنێوان پارتەکانی ئەو هەرێمە هەیە و بڕیارە رۆژی 29-5-2024 خەڵک بچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ.
داغ دەڵێت: "ئێستا لە وێستن کەیپ هەنگاو بەرەو پێش دەنێین. خوا یار بێت هەنگاوی جیددی دەنێین بۆ ئەوەی رۆژی 29ـی ئایار دەنگدان بەڕێوەبچێت و منیش دەمەوێت ببمە سەرۆکوەزیرانی وێستن کەیپ."
ئامانجی لەو کارەی ئەوەیە، "بێدەنگ نەبین بەرامبەر ئەو ستەمەی لە خەڵک دەکرێت. بەتایبەتی ئەو ستەمەی لە خەڵکی فەڵەستین دەکرێت ئێمە لێرە سەرکۆنەی دەکەین."
بەربژێرە کوردەکەی باشووری ئەفریقا هەروەها رایگەیاند، لە باشووری ئەفریقادا ئێستا لە کەرتی ئابووریشدا ستەم دەکرێت و گرووپێکی دیاریکراو بە بەکارهێنانی زایۆنیزم، مافی خەڵک زەوت دەکەن.
پارتی لاند
لاند، پارتێکی سیاسیی باشووری ئەفریقایە کە بەپێی بەرنامەکانی خۆی، داکۆکی لە هەژاران و ستەمدیدەکان دەکات و گرنگی بە گەشەپێدانی ئابووریی وڵاتەکە دەدات.
ئەو پارتە بانگەشە بۆ کشتوکاڵی بەکۆمەڵ و هۆشیاریی ژینگەیی دەکات.
پارتی لاند بەنیازە دەستوور هەموار بکاتەوە بۆ بەهێزکردنی مافی خاوەندارێتی لە باشووری ئەفریقا و گواستنەوەی زەویی زەوتکرا بۆ هەژاران. هەروەها پلانیان هەیە باج لەسەر سەرمایە هەڵبوەشێننەوە، وەک باجی قازانجی سەرمایە، باجی گواستنەوە، باجی موڵک و ماڵ.
پارتەکە لە هەڵبژاردنی گشتیی ئەفریقای باشوور ساڵی 2019 بەشداریی کرد، بەڵام نەیتوانی هیچ کورسییەک بەدەستبهێنێت.
پارتی لاند کانوونی دووەمی 2020 لە هەڵبژاردنی خۆجێیدا توانی شارەوانیی ئۆڤەرستراند بباتەوە و کورسییەکیش لە کۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریقادا بەدەستبهێنێت.
محەممەد ڤەفا داغ ئەوەشی گوت کە "ئێمە وەکو پارتی لاند، بەڵێنی ئازادی بە خەڵک دەدەین. بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بە ئازادی بژی. تا ئەو کارەبکات کە خۆی دەیەوێت. ئەمە ئێمە ئامانجی ئێمەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ