ئیسرائیل: هێرشەکانمان بۆ سەر پێگە ئێرانییەکان لە سووریا دوو هێندە کردووە

رووداو دیجیتاڵ 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، لەدوای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی ئیسرائیل لە ساڵی رابردوو، هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر "پێگە ئێرانییەکان" لە سووریا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. 
 
رۆژی دووشەممە، 22ـی ئایاری 2023، یۆڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کۆنفڕانسێکی ئەمنیدا لە تەلئەڤیڤ باسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا کرد و رایگەیاند: "لەو کاتەوەی کە من دەستبەکاربووم، ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە سووریا بوونەتە دوو هێندە."
 
گاڵانت گوتیشی: "لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا، کاردەکەین بۆ ئەوەی توانا هەواڵگرییەکانی ئێران لە سووریا بە ئامانج بگرین. ئەو هێرشە ئاسمانییانە، زیانێکی بەرچاو بە هەوڵەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دەگەیێنن کە دەیانەوێت بە چەند کیلۆمەترێک لە سنووری ئیسرائیل، پێگەی خۆیان دابمەزرێنن." 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئێرانی بەوە تۆمەتبارکرد کە کەشتییە سڤیلەکان وەکو کەشتیی سەربازی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی چەک و تەقەمەنی وەکو درۆن و مووشەکی پێ بگوازێتەوە و گوتی: "ئێران دەیەوێت تواناکانی لە زەریای هیندی، دەریای سوور و کەناراوەکانی دەریای نێوەراست فراوان بکات. پلانی ئێران ئەوەیە هەڕەشە بخاتە سەر رێگە بازرگانی و سڤیلەکانی دەریاکان." 
 
ئیسرائیل، ئێران بە "گەورەترین هەڕەشە" بۆ سەر خۆی دەزانێت و تاران بەوە تۆمەتباردەکات، کە پشتگیریی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە دەکات و دژی ئیسرائیل هانیان دەدات و هەوڵی بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی دەدات، بەڵام ئێران تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە. 
 
لە ماوەی 12 ساڵی شەڕی نێوخۆی سووریا، ئێران رۆلێکی بەرچاوی لە یارمەتیدانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد هەبووە، ئیسرائیل بەردەوام ئاماژە بەوە دەکات گرووپە چەکدارەکانی نزیک ئێرانی لە سووریا بە ئامانج گرتووە.