لە ئەڵمانیا گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا بە گەرمی بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا لە ئەڵمانیا دەستیپێکردووە. پەیتا پەیتا دەنگدەران دەچنە سەر سندووقی دەنگدان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن.
نەڤین ئیتۆی ئۆگل، ژنێکی تەمەن 54 ساڵە؛ بەدڵێکی خۆشەوە چووە دەنگ بدات و شیرینی بە سەر مندڵاندا دابەشدەکات. نەڤین یەکێکە لەو یەک ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەرەی تورکیا، کە لە ئەڵمانیا مافی دەنگدانیان هەیە.
ئەو هەواداری رەجەب تەیب ئەردۆغانە و دەیەوێ لە گەڕی دووەمدا سەربکەوێت. نەڤین دەڵێت، "بۆ من، گرنگە حکومەتێکی بەهێز و متمانەپێکراو و بڕیاربەدەست لە تورکیادا دەسەڵاتی هەبێت. من، لە نەوەی دووەمی تورکم لە ئەڵمانیا و، پەیوەندیم لەگەڵ وڵاتەکەم نەپچڕاوە، بەڵکو بەهێزە، بۆیە لام گرنگە لەو وڵاتەی لێی هاتووم، وڵاتێکی بەهێز بێت".
سێ ملیۆن و 400 هەزار دەنگدەر لە دەرەوەی تورکیا مافی دەنگدانیان هەیە. لە گەڕی یەکەمدا، رێژەی 57.7%ـی دەنگەکان بۆ ئەردۆغان چوون و 40%ـیش بۆ کەمال کڵچداردۆغلوی رکابەری چوون.
بەگشتی لە گەڕی یەکەمدا، رێژەی 65٪ـی دەنگدەران لە ئەڵمانیا، دەنگیان بە رەجەب تەیب ئەردۆغان دا.
لە بنکەیەکی شاری ئێسنی ئەڵمانیا 70%ـی دەنگەکان بۆ سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا بوون. یاسین هاونیشتمانییەکی کوردە و خەڵکی سەرحەتی باکووری کوردستانە. ئەو دەخوازێت هەڵبژاردن گۆڕانکاری بەدوای خۆیدا بهێنێت.
یاسین دەڵێت، "کورد ئێستا بێکەسن، هیچیان نییە. ئێمە ناڵێین کەمال بۆ ئێمە باشە یان نا، بەڵام ئێمە دەزانین کە دوژمنێکمان هەیە. دەکرێت ئەویش باش نەبێت. ئەمڕۆ دەمیرتاش لە زینداندایە و ویستی ئەو لەسەر کەمالە".
لە 16 بنکەی دانگدان و کۆنسوڵخانەی تورکیا لە ئەڵمانیا، دەنگدەران دەتوانن لە کاژێر 08:00ـی سەر لە بەیانی تاوەکو 10:00ـی شەوی هەڵبژاردنی گەڕی دووەم، کە 28ـی ئایارە، دەنگ بدەن.