منداڵێکی کورد لە سوێد خەڵاتی باشترین خوێنەری کتێب وەردەگرێت

23-05-2023
کاوە ئەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

منداڵێکی کورد لە سوێد کە تەمەنی 9 ساڵە بەهۆی خوێندنەوەی نزیکەی 500 کتێب، خەڵاتی باشترین خوێنەری لە لایەن دامەزراوەی پاسکاڵ ئینگمانەوە پێدەدرێت.
 
سەپەنتا سەرحەدی، منداڵە کوردێکی تەمەن 9 ساڵانە و لە شاری ئێسکلسۆنای سوێد دەژی؛ ئەو منداڵە تاوەکو ئێستا نزیکەی 500 کتێبی خوێندووەتەوە و توانا سەرسوڕهێنەرەکەی وایکردووە، میدیاکانی سوێد سەرنجی بخەنە سەر.
 
ئەو منداڵە کوردە لەکاتێکدا بووەتە جێگەی سەرنجی میدیاکان، هەفتەی رابردوو ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک لە سوێد بڵاوکرایەوە کە دەریدەخات، خوێندنەوەی کتێب لەنێو قوتابییانی پۆلی چواری سەرەتایی لەو وڵاتەدا دابەزیوە.
 
دامەزراوەی پاسکاڵ ئینگمان کە ماوەی سێ ساڵە دامەزراوە، خەڵاتی باشترین خوێنەری بۆ ساڵی 2023 بەخشییە سەپەنتا سەرحەدی و بەوەش ئەو منداڵە کوردە بووە سێیەم کەس لە سوێد کە ئەو خەڵاتە وەربگرێت.
 
سەرحەدی لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی خوێندنەوە دەڵێت، "کاتێک کتێبێک دەخوێنمەوە، وا هەست دەکەم سەیری فیلمێک دەکەم".
 
سەپەنتا بە سێ زمانی کوردی، سوێدی و ئینگلیزی دەخوێنێتەوە و دەڵێت، "دەمەوێ لە داهاتوودا بە زمانەکانی ئیسپانی و ئەڵمانیش بخوێنمەوە؛ بۆیە ئێستا خەریکم خۆم فێری ئەو زمانانە دەکەم".
 
ئەو منداڵە کوردە جگە لەوەی خوێنەرێکی باشە، حەز لە یاریی تۆپی پێش دەکات و دەیەوێت بەو دوو هەزار و 500 دۆلارەی دامەزراوەی پاسکاڵ ئینگمان پێی بەخشیوە، جلوبەرگ و پێداویستییەکانی تۆپی پێ و کتێب بکڕێت. 
 
دامەزراوەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەو "منداڵە تاوەکو ئێستا نزیکەی 500 کتێبی خوێندووەتەوە و حەزی خۆی بۆ خوێندنەوە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیا، لە قوتابخانە و لە رێگەی چەندین زمانەوە دەربڕیوە. وەک ئەنجامی ئەوەش، ئەو بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی نیگا بۆ ژمارەیەکی زۆر کەس". 
 
سەپەنتا ئێستا لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هانی منداڵان دەدات بۆ ئەوەی کتێب بخوێننەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە