یەکێتیی ئەوروپا: خۆڕاگریی ئۆکراینا بە هاوکارییەکانمانەوە پەیوەستە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت لە هاوکارییەکانیان بۆ ئۆکراینا بەردەوام دەبن و "سەرکەوتنی ئۆکراینا بە پاڵپشتیی وڵاتانی رۆژئاواوە بەندە."
رۆژی دووشەممە، 22ـی ئایاری 2023، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوە و شەڕی ئۆکراینا لە تەوەرە سەرەکییەکان بوو.
وەزیرەکان جەختیان لەوە کردەوە شەڕی ئۆکراینا شەڕی ئەوانە و بە زووترین کات بڕیاری ناردنی هاوکاریی سەربازی و مرۆیی دەدەن.
جۆسێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، "سەرکەوتن و فراوانبوونی بەرگریی ئۆکراینا تەنیا پەیوەستە نییە بە ئازایەتی سەربازەکانیانەوە، بەڵکو پەیوەستیشە بەو هاوکارییانەی کە بۆیان دەنێرین. ئەمەش ئەو هۆکارەیە کە وا دەکات هاوکارییە سەربازییەکان بەردەوامبن."
ئاوارەکانی شاری باخمووت لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا لە دۆخێکی خراپدا دەژین. زۆربەی شارەکەیان کەوتووەتە دەستی رووسیا، بۆیە ناچاربوونە جێی بهێڵن.
ئیرینا تژاچینکۆ، ئاوارەی باخمووتە و دەڵێت، "زۆر بە زوویی ناوچەکەیان کۆنتڕۆڵ کردین، خانووەکەمان رووخا، بە تانک لە شارەکەیان دەدا و خانووەکەی ئێمەش بەوە رووخا، خەڵکێکی زۆر مردن."
بەپێی پەیمانگەی Study of War ئێستا زۆربەی باخمووت لەلایەن رووسیاوە کۆتنرۆڵ کراوە.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان کە رۆژی 22ـی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، لە دەستپێکی شەڕەکەوە تائێستا 8,895 سڤیل کوژراون و 15,117ی دیکەش بریندار بوون. 7,390 سڤیلە کوژراوەکان و 14,302 بریندارەکان لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە بووە.
ئێستا پێنج ملیۆن و 914 هەزار کەس لە ئۆکراینا ئاوارەن، هەشت ملیۆن کەسیش وڵاتەکەیان جێهێشتووە و 17.6 ملیۆن کەسی دیکەش پێویستییان بە هاوکاریی مرۆییە.