یۆنان: 600 کۆچبەرمان لە ئیجە گەڕاندووەتەوە

24-05-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن کۆچبەران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی دووشەممە، 23ی ئایار، یۆنان رایگەیاند، رێگەیان لە 600 کۆچبەر گرتووە کە دەیانەویست لە رێگەی دەریای ئیجەوە، لە تورکیاوە بچنە نێو سنوورەکانی، ئەوەش بە گەورەترین لێشاوی ئەمساڵی کۆچبەران دادەنرێت.
 
گوتەبێژێکی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ئاماژەی بەوە کرد، کۆچبەرەکان ئەم بەیانییە لە پێنج بەلەمی ئاسایی و چواری چووپ لە سنووری تورکیاوە کەوتبوونەڕێ. بەلەمەکانی پاسەوانانی یۆنان توانییان بە خێرایی ئەو بەلەمانە بدۆزنەوە و پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیایان لێ ئاگادارکردنەوە."
 
لە راگەیێندراوێکی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆناندا هاتووە، بەلەمە پۆلیسییەکانیان هۆشدارییان بە کۆچبەرەکان داوە بۆ ئەوەی لە سنوورە ئاوییەکانی یۆنان نزیک نەبنەوە. 
 
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە هەموو بەلەمە قاچاخەکان بەرەو سنووری تورکیا کشاونەتەوە یان لە لایەن پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیاوە، دەستیان بەسەرداگیراوە. 
 
گوتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان دەڵێت: "هەموو رووداوەکان لە نێو سنوورە ئاوییەکانی تورکیادا" لە نزیک دوورگە یۆنانییەکانی خیوس و سامۆس دروستبوون. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی کۆچبەرانی یۆنان، لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی 2022ـدا، لێشاوی کۆچبەران بەرەو دوورگەکانی یۆنان بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو بە رێژەی 30٪ زیاد بووە.
 
لەم ساڵدا، 3 هەزار پەناخواز خۆیان گەیاندووەتە یۆنان، هەزار و 100 کەسیان تەنیا لە مانگی رابردوودا بوون، ئەوە بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچبەرانی یۆنان. 
 
هاوکات بەرپرسێکی سنووریی یۆنان رایگەیاندووە جموجوڵی کۆچبەران لەسەر سنووری وشکانییش لە نێوان وڵاتەکەی و تورکیا زیادیکردووە، چونکە ئاستی ئاوی رووباری ئیڤرۆس کە هەردوو وڵات لەیەک جیادەکاتەوە، دابەزیوە. 
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتەکە، زیاتر  لە دوو هەزار و 300 پەناخواز لە کەمپەکانی دوورگەکانی لیسبۆس، سامۆس، خیوس، کۆس و لیرۆس نیشتەجێن کە هەموویان دەکەونە نزیک تورکیا.
 
ژمارەیەک کەمپی نوێ کە تێچووەکەیان لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە لە ئەستۆ گیراوە، لە دوورگەکانی سامۆس، لیرۆس و کۆس دروستکراون و بڕیارە لە دوورگەکانی لیسبۆس و خیۆسیش کاری لەو شێوەیە بکرێت.
 
یۆنان بەردەوام تورکیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە وەکو پێویست رێکاری تووندوتۆڵ دژی قاچاخچییەکان ناگرێتەبەر کە کۆچبەران بە بەلەمی چووپی ناسەلامەت دەنێرنە کەناراوەکانی. ئەسینا دەڵێت تورکیا ئەو رێککەوتنەی کە لە ساڵی 2016 لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا واژۆی کردبووە، پێشێڵکردووە. 
 
رێکارە توندوتۆڵەکانی یۆنان بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی لە لایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە رەخنەیان لێگیراوە و پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان بەوە تۆمەتبارکراوە، کە کۆچبەرانی بە زەبر و هێز ناچار بە گەڕانەوە بۆ تورکیا کردووە، تۆمەتێک کە یۆنان رەتیدەکاتەوە.
 
مانگی ئاداری ئەمساڵ، فەرمانگەی شەفافیەتی نیشتمانیی یۆنان رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەکی چوار مانگی هیچ بەڵگەیەکی نەدۆزیوەتەوە کە پاسەوانی کەناراوەکانی کاری نایاساییان بەرامبەر بە کۆچبەران کردبێت.
 
هاوکات ئاژانسی فرۆنتێکس کە تایبەتە بە چاودێریکردنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا، لە لایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە تۆمەتبارکراوە بە گەڕاندنەوەی زۆرەملێی کۆچبەران.
 
فابریس لیجێری، سەرۆکی پێشووی ئاژانسەکە مانگی رابردوو لە نێوەڕاستی لێکۆڵینەوەیەکی نووسینگەی دەستپاکیی ئەوروپادا دەستی لە کارکێشایەوە، لە کاتێکدا کە تۆمەتی ئیدارەدانی خراپی درابووە پاڵ.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.