بەڵگەفیلمێکی رووداو بووە براوەی خەڵاتی نێودەوڵەتیی وێبی

23-04-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن خەڵاتی رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەفیلمی کۆرۆوای-ی تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو زیاتر لە 13 هەزار بەشداربوو بووە براوەی خەڵاتی وێبی. 
 
بەڵگەفیلمەکەی تۆڕی میدیایی رووداو سەر بە بەشی گەشت و شێوەی ژیانە( Travel and Lifestyle). لەنێو هەزاران بەڵگەفیلمێکی ئەمریکی، نیوزیلاندی و جۆرجیایی بووە براوەی خەڵاتەکە.
 
بەڵگەفیلمی کۆرۆوای لە دارستانەکانی پاپوای رۆژئاوا لە ئیندۆنیزیا تۆمارکراوە و لەسەر خێڵێکی نێو دارستانەکەیە کە تا ساڵی حەفتاکانی سەدە رابردوو، نە کەس دەیزانی ئەو خێڵە هەن و نە ئەندامانی خێڵەکەش دەیانزانی جیهانێک لە دەرەوەی دارستانەکەیاندا هەیە. 
 
خەڵاتی وێبی ساڵی 1996 دامەزراوە و ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتی هونەر و زانستە دیجیتاڵییەکان (IADAS) پێشکەش دەکرێت، ئەم ساڵ یادی 28 ساڵەی خەڵاتەکەیە. 
 
رۆژ عەلی زاڵە، پێشکێشکار و پرۆدیوسەری بەڵگەفیلمەکە دەڵێت، گەیشتنی بەڵگەفیلمێکی کوردی بۆ ئەو خەڵاتە جیهانییە کە لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، خۆی لە خۆیدا بردنەوەیەکی گرنگە بۆ هەموو کوردزمانێک و میدیاکارێکی کورد و عێراقی، ''سەتان هەزار کەس کارێکی کوردی وەکو یەکێک لە ناوازەترین کارەکانی ساڵ و گێڕانەوەی چیرۆکی کۆرۆوای بە کوردی دەبینن.''
  
خێڵی کۆرۆوای وەکو دوا خێڵێک دەناسرێن کە ئەزموونی خواردنی گۆشتی مرۆڤیان کردووە و دەکەن. بەپێی بڕوایەکی خێڵەکە، هەندێ جار مرۆڤ جەستەی لەلایەن رووحێکەوە کۆنترۆڵ دەکرێت کە بە خاخوا دەناسرێت. لە ئەگەری گومان کردن لە کەسێک وەکو خاخوا، ئەندامانی دیکەی خێڵەکە، کەسی بە خاخوا بوو دەکوژن و گۆشتەکەی دەخۆن و بەو شێوەیەش بڕوایان وایە خاخواکە لەنێو دارستانەکە دوور دەخەنەوە.
 
خەڵاتەکان تایبەتن بە داهێنان و لێهاتوویی تەکنیکی لەسەر پلاتفۆڕمە جیاوازەکان لە تۆڕی ئینتەرنێتدا؛ بەشێوەیەک زۆرێک بە ئۆسکاری ئینتەرنێت ناوی دەبەن. 
 
دوو پرۆسە بۆ دابەشکردنی خەڵاتەکان هەیە، سەرەتا بەربژێرەکان لەلایەن IADAS هەڵدەبژێردرێن و دواتر براوەکان لەڕێگەی ژمارەیەک دادوەری جیهانییەوە دیاری دەکرێن.  هەروەها بەشێکی دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکە لە رێگەی دەنگدانی خەڵکەوە دیاری دەکرێت. 
 
بردنەوەی خەڵاتەکە ئاماژەیە بۆ لێهاتوویی و لەپێشبوون لە تەکنیکە دیجیتاڵییەکان؛ لەنێو براوەی خەڵاتەکان لە ساڵانی پێشوو هەریەکە لە کۆمپانیای گووگڵ، ناسا، نیویۆرک تایمز، بی بی سی، ئەپڵ، فەیسبووک، ئینستاگرام، یوتیوب، تیکتۆک، نێتفلیکس، سناپچات و چەندین کۆمپانیا و دامەزراوەی دیکەی پێشەنگی جیهانی هەن.
 

تەواوی بەڵگەفیلمی کۆرۆوای:

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.