لە ژاپۆن پێشبڕکێی گریانی منداڵان سازدەکرێت؛ بێزارکەرترینیان دەیباتەوە

23-04-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
.
.
نیشانەکردن ژاپۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن، پێشبڕکێیەکی ساڵانەی تایبەت بە گریانی منداڵان سازکرا، ئەو منداڵەی خاوەن بێزارکەرترین گریانە دەبێتە براوەی پێشبڕکێکە. 
 
رینتارۆ ئۆکامورا، باوکی منداڵێکی بەشداربووی پێشبڕكێکە دەڵێ "زانیاریمان هەبوو کە پێشبڕکێیەکی ئاوا سازدەکرێت. دڵخۆشین توانیمان بەشداری بکەین. هەرچەندە کچەکەی ئێمە زۆر ناگریێت، بەڵام دەمەوێت ئەمڕۆ بگریێت و خەڵاتەکە بباتەوە".
 
دادوەری تایبەت بڕیاردەدات کام منداڵ بێزارکەرترین گریانی هەیە و دەبێتە براوەی پێشبڕکێکە.
 
بەشێکی ژاپۆنییەکان پێیان وایە ئەگەر منداڵێک زۆر بگریێت، ئەوا نیشانەی باشیی تەندروستییەتی، هەر بۆیە پێشبڕکێیەکەش زیاتر لە 400 ساڵە لە ژاپۆن ئەنجامدەدرێت. 
 
شیگێمی فوجی، رێکخەری پێشبڕکێکە دەڵێ "لەوانەیە بەشێكی خەڵکی پێیان سەیر بێت و پێیان وابێ شتێکی خراپە کە وا لە منداڵەکان دەکەین بگریێن، بەڵام ئێمە لە ژاپۆن پێمانوایە هەر منداڵێک بە دەنگێکی بەهێزتر و بەرزتر بگریێت، ئەوا بەشێوەیەکی تەندروستتر گەورە دەبێت. ئەو جۆرە پێشبڕکێیانە لە چەندین شوێنی ژاپۆن سازدەکرێن".
 
دایکان و باوکان نزیکەی 120 دۆلاری ئەمریکی دەدەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لەو پێشبڕکێیەدا بەشدار بن. براوەکە هیچ بڕە پارەیەکی پێ نادرێت، بەڵام بەشێکی خەڵکی ئەم وڵاتە پێشبڕکێیەکە بە گرنگ دەبینن، چونکە پێیانوایە گریانی بەهێز، رۆحە شەڕانگێزەکان لە منداڵەکانیان دووردەخاتەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە