دانیمارک سەرباز و راوێژکارە سەربازییەکانی لە عێراق و سووریا دەکشێنێتەوە

23-04-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن دانیمارک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دانیمارک سەرباز و راوێژکارە سەربازییەکانی لە عێراق و سووریا دەکشێنێتەوە. ئەوان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش جێگیرکرابوون. 
 
وەزارەتی بەرگریی دانیمارک رۆژی شەممە 22-4-2023 بڵاویکردەوە، ژمارەیەک هۆکار لە پشت ئەو بڕیارەوەن، لەوانەش لاوازبوونی داعش و پێویستیی دانیمارک بە بەهێزکردنی ئاساییشی نێوخۆی وڵاتەکەی. 
 
کۆڵۆنێڵ بیارک لۆمبۆرگ، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی دانیمارک گوتی، لەم کاتەدا بەهێزکردنی توانای رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان لە دەوروبەری دانیمارک، گرنگترە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.
 
پێشتر میدیای ئەمریکی بڵاویکردبووەوە، ناتۆ پێداچوونەوە بۆ سیاسەتی بەرگریی خۆی بەرامبەر شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەکات. 
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، ستراتیجییە نوێیەکەی ناتۆ وا دەخوازێت کە هاوپەیمانەکانی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا لە ئەگەری هێرشی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکانیان، چاوەڕێی پشتیوانیی ئەمریکا نەکەن، بەڵکو پێویستە سەربازەکانیان زیادبکەن بۆ ئەوەی ئەگەر رووسیا هێرشی کردە سەر سنوورەکانیان، بتوانن تێکیبشکێنن. 
 
دانیمارک لە تەممووزی 2014ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و 300 سەرباز و راوێژکاری سەربازی لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییەدا لە عێراق و سووریان. 
 
ئەمانە بەشێکن لەو کارانەی دانیمارک لەنێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا کردوونی:
 
- هێزەکانی دانیمارک لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد راهێنانیان بە نزیکەی 16 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە. 
 
- دانیمارک 51 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە چوارچێوەی پڕۆگرامە مرۆییەکان لە باشووری کوردستان، عێراق و 31 ملیۆن دۆلاری لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا خەرجکردووە. 
 
- ساڵی 2016 دانیمارک بە چوار فڕۆکەی ئێف شازدە لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بەشدار بوو. 
 
- دانیمارک فڕۆکەیەکی گواستنەوەی لە جۆری C-130J لە ساڵی 2016 بە 60 کارمەندەوە لە هەرێمی کوردستان جێگیرکردبوو بۆ پشتیوانیکردن لە هێزە بەریتانییەکان کە راهێنانیان بە پێشمەرگە دەکرد. 
 
- فڕۆکەیەکی دیکەی هەمان جۆری لە حوزەیران تا کانوونی یەکەمی 2016 لە سووریا و عێراق جێگیرکردبوو. 
 
- لە ئابی 2016 بۆ تشرینی یەکەمی 2018، 60 سەربازی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی لە عێراق جێگیرکردبوون کە مەودای ئەرکەکەیان سووریاشی دەگرتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شارۆچکەی سانتا کلۆس.

ئەم ساڵ لە شارۆچکەکەی سانتا کلۆس بەفر نەباریوە

شارۆچکەی رۆڤانیمی لە هەرێمی لاپلاند لە باکووری فینلاند ئەو شارۆچکەیە بە ماڵی سانتا کلۆس ناسراوە و بەردەوام ناوچەیەکە بەهۆی بەفرەوە سپیپۆشە.