رووداو - فەرەنسا
زۆرینەی کوردی دیاسپۆرای فەرەنسا هاوشێوەی ئەو 48 ملیۆن و 700 هەزار فەرەنسیەی مافی دەنگدانیان هەیە، دەچنە سەر سندوقی دەنگدان و بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەدا دەکەن، کە ماکرۆن و مارین لوپێن لەو هەڵبژاردنەدا رکابەری یەکدین.
بنەماڵەی د. ئەکرەم جاف، ماوەی 51 ساڵە لە فەرەنسا دەژین، لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێری باشووری کوردستانن. د. ئەکرەم لە فەرەنسا بەشی یاسای خوێندووە و هەر لەوێش لە زانکۆیەکی ئەو وڵاتە و فەرمانگەکانی کاری کردووە. تاوەکو ئێستا شەش جار بەشداریی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسادا کردووە.
هەرچەندە لە گەڕی یەکەمدا دەنگی د. ئەکرەم بۆ ملیۆنشۆن، بەربژێری پارتی چەپی رادیکاڵ بوو، بەڵام لەم گەڕەدا دەبێت هەڵبژاردەکەی لەنێوان ماکرۆن و لوپێندا یەکێکیان بێت، یان هیچیان نەبێت.
د. ئەکرەم جاف، هاونیشتمانیی دانیشتووی فەرەنسا دەڵێت، "لەبەر ئەوەی کوردم، هەر لایەن و کەسێک لە بەرژەوەندیی کورد بێت، دەنگم بۆ ئەوە داوە، زۆرجار ئەو کەسەی دەنگم بۆی داوە، بە دڵی من نەبووە، بەڵام لەبەر ئەوەی نزیکتر بووە لە بەرژەوەندیی کورد، ناچاربووم دەنگی پێبدەم. بۆ نموونە، وەکو ئێستا من کەوتوومەتە بەینی دوو کەس، یەکێکیان زۆر خراپە و ئەوی دیکەشیان تۆزێک خراپە، تۆزە خراپەکە بەنیسبەت کوردەوە خۆی وا نیشاندەدات کە لە بەرەی کوردە، هەندێک شتیشی لێ دەبینم کە لە بەرەی کوردە، بێگومان من دەنگ بۆ ئەو دەدەم."
ئەو خێزانە خاوەنی سێ کچن، کە ئێستا هەموویان خوێندنی باڵایان تەواو کردووە و کار دەکەن. ئەوان دەنگ بەو بەربژێرە دەدەن کە پێیانوایە بۆ کورد و فەرەنسییەکان دەتوانێت کاری باش بکات. دەنگی درەخشانی هاوژینی د. ئەکرەم لە گەڕی یەکەمیش بۆ ماکرۆن بووە.
درەخشان جاف، هاوژینی د. ئەکرەم جاف دەڵێت، "بۆ من زۆر گرنگە کە ئیمانوێل ماکرۆن دەربچێت، بۆ کورد و بۆ فەرەنسییەکانیش بە هەموو جۆرێکەوە، چونکە بۆ من یەکەم کەسە کە بتوانێت فەرەنسا بگۆڕێت لە هەموو روویەکەوە، لەڕووی ئابووری و هەموو شتێک کە باش بێت بۆ فەرەنسییەکان، ئیمانوێل ماکرۆن دەتوانێت شتەکان بگۆڕێت."
لەم گەڕەدا هەڵبژاردن لە نێوان دوو رکابەرە، ئیمانوێل ماکرۆنی لیبراڵ و مارین لوپێنی ناسیۆنالیست، دەنگدەران کش مەلیک بە یەکێکیان دەکەن، دەنگدەری کوردیش جگە لە ژیانی خۆی لە فەرەنسا، بیر لە پرسی سیاسیی میللـەتەکەی خۆیشی دەکاتەوە و لەسەر ئەو بنەمایە دەنگ دەدات.
هەشت ملیۆن فەرەنسی دەنگیان بە میلانشۆن دابوو، بەپێی راپرسییەکان ئێستا لە کۆی ئەو ژمارەیە، 34% دەیانەوێت دەنگیان بدەنە ماکرۆن و 16% بە لوپێن.
میران کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە، 20 ساڵە لە فەرەنسا دەژی و 10 ساڵ دەبێت چێشتخانەیەکی کوردیی داناوە. میرانیش یەکێکە لەو دەنگدەرانەی میلانشۆن، کە لەم گەڕەدا دەنگی بۆ ماکرۆنە.
میران بەگزادە ئاماژە بەوە دەکات، "دەنگ بە ماکرۆن دەدەم، چونکە یەکەم، زۆر نزیکی کوردە؛ دووەم، بۆ ئەم سەردەمە ماکرۆن لە هەر کەسێک باشترە، چونکە مارین لوپێن کەسێکی فاشیستە و نە لە ئابووری دەزانێت و نە لە هیچ، تەنیا کێشەی ئەو بیانییەکانە، ناتوانێت دەوڵەتێکی وەکو فەرەنسا بەڕێوەببات، مەترسییەکی زۆر گەورەیە."
ئەوەی چانسی ماکرۆنی زیاتر کردووە، داواکاریی سەرۆکی پارتی سۆسیالیستەکان و سەوزەکان و کۆمارییەکانە، کە داوایان لە دەنگدەرانیان کردووە دەنگەکانیان بدەنە ماکرۆن و میلانشۆنیش داوای لە دەنگدەرانی کرد دەنگەکانیان نەدەنە لوپێن. بەپێی راپرسییەکانیش بێت 70%ی دەنگدەران دەیانەوێت بچنە سەر سندوقی دەنگدان.
ئێستا بڕیار لە دەستی دەنگدەرانی پارتە چەپەکانە، کە لە گەڕی یەکەم بەربژێرەکانیان سەرنەکەوتن، لەم گەڕەدا یەکێک سەربخەن، ئەگەرچی دڵخوازی خۆیشیان نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ