لە ئیتاڵیا هەنگەوانێک یەک ملیۆن هەنگ بەخێودەکات

23-04-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن هەنگوین هەنگەوانێکی ئیتاڵی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری میلانی ئیتاڵیا هەنگەوانێک بەناوی فرانسیسکۆ کاپوانۆ یەک ملیۆن هەنگ بەخێودەکات. ئەو وەکو باوک و باپیری بە درێژایی ژیانی خەریکی بەخێوکردن و چاودێریکردنی هەنگەکانی بووە و ئێستا یەک ملیۆن هەنگی هەیە.
 
فرانسیسکۆ کاپوانۆ ئێستا بەشداری لە پرۆژەیەکی نوێ کردووە کە ئەویش ئەوەیە، لەبری ئەوەی شانەهەنگەکان لە کێڵگەی تایبەتی خۆیدا دابنێت، دەیانباتە پارکە گشتییەکان بۆئەوەی شیلەی گوڵەکانی ئەوێ بمژن و هەنگوینی زیاتر دروستبکەن.
 
ئەو هەنگەوانە ئیتاڵییە، 17 شانەی لە سندووقی زەرددا لەنێو پارکێکی شاری میلان داناوە.
 
هەنگەکان یارمەتیدەرێکی سەرەکیی کرداری پەڕینی رووەکەکانن کە ئەویش بریتییە لە کرداری گواستنەوەی دەنکە ھەڵاڵە لە پۆرگەوە، واتە لە پێکھاتەی زۆربوونی نێرە بۆ کۆسپ کە دەکاتە پێکھاتەی زۆربوونی مێیە لە گوڵی رووەکەکاندا.
 
بەگوێرەی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی، 90%ی رووەکە گوڵدارەکانی جیهان و زیاتر لە 75%ی دەخڵ و دان و 35%ی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکەی جیهان پشت بە کرداری پەڕین دەبەستن کە هەنگەکان رۆڵێکی گەورەی تێدا دەبینن، چونکە کاتێک بەدوای شیلەی گوڵەکاندا دەگەڕێن، لەگەڵ خۆیان تۆو لە گوڵێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگوازنەوە.
 
دوو ساڵ لەمەوبەر، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی کە پێگەی سەرەکیی لە رۆمای ئیتاڵیایە، هۆشداریی دا لە کەمبوونەوەی ژمارەی هەنگەکان بەوەی دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهان؛ بۆیە لە شاری میلان هەنگەکان لەنێو پارکە گشتییەکاندا دادەنرێن بۆئەوەی هاوکاریی زیادبوونی رووەکەکان بکەن.
 
خاوەنی پرۆژەی گواستنەوەی هەنگەکان بۆ پارکە گشتییەکان دەڵێت، ئامانجێکی دیکە لە دانانی شانە هەنگەکان لە شوێنە گشتییەکان ئەوەیە، هۆشیاری زیاتر لای خەڵک دروستبێت و لە گرنگیی هەبوونی هەنگەکان باشتر تێبگەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە