رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێ پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێ بۆ ئەوەی سەرۆکی رووسیا بۆردوومانەکانی سەر وڵاتەکەی رابگرێت. ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە سبەی شاندێکی ئەمریکی، ئۆکراینی و رووسی لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگ کۆببنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 23ی ئاداری 2025، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "گرنگ نییە لەگەڵ هاوبەشەکانمان باسی چی دەکەین، پێویستە گوشار لە پووتین بکەین فەرمانێکی راستەقینە بۆ وەستاندنی بۆردوومانەکان بدات." دەشڵێت، ئەوەی دەستی بەو جەنگە کردووە پێویستە کۆتاییشی پێبێنێت.
ئەو گوتانەی سەرۆکی ئۆکراینا لەکاتێکدان ئەمڕۆ شاندێکی ئەو وڵاتە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا گەیشتنە شاری ریازی پایتەختی سعودیە. بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی کۆتاییهێنان بە جەنگ بکەن. هەروەها، هەمان رۆژ بڕیارە ئەمریکییەکان بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ بەرپرسە رووسەکانیش کۆببنەوە.
ئۆکراینا و ئەمریکا پڕۆژەیەکی هاوبەشیان بۆ ئاگربەست بۆ 30 رۆژ هەبوو، بەڵام پڕۆژەکە لەلایەن سەرۆکی رووسیاوە رەتکرایەوە و پووتین تەنیا بەڵێنی ئەوەیدا کە هێرشەکانیان بۆ سەر کەرتی وزەی ئۆکراینا رابگرن.
سەرۆکی ئۆکراینا گوتیشی، "ئەوە بە دڵنیاییەوە بۆ هەموو کەسێک روونە کە رووسیا تەنیا لایەنە کە هۆکاری بەردەوامبوونی جەنگە". جەختیشی کردەوە کە "بەبێ گوشارخستنە سەر رووسیا، ئەوان بەردەوام دەبن لە ژێرپێخستنی دیپلۆماسی و لەنێوبردنی ژیانی خەڵک".
هەوڵەکان بۆ ئاگربەست لەکاتێکدان، شەوی شەممە رووسیا و ئۆکراینا بە درۆن هێرشیان کردە سەر یەکدی و سێ ئۆکراینی و رووسییەک کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ