رووداو دیجیتاڵ
نیردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، ئەو وای نابینێت ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بیەوێت بچێتە دەرەوەی ئۆکراینا و خاکی وڵاتی دیکەی ئەورووپا بگرێت.
رۆژی یەکشەممە، 23-03-2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "من وای نابینم ئەو [پووتین] بیەوێت هەموو ئەورووپا بگرێت. من لەسەر ئەم خاڵە بڕوام پێیەتی [کە واناکات]. پێموایە ئەورووپییەکانیش هاتوونەتە سەر ئەم بڕوایە؛ بەڵام ئەوە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کوشتن، کۆمەڵکوژی و جەنگ بوەستێت."
ئەو نێردەیەی ئەمریکا گوتی: "پێموایە ئەو [پووتین] ئاشتیی دەوێت، لە هەفتەی رابردووەوە چەندین بەرەوپێشچوونمان بینیوە."
لەوکاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، ئەمریکا بە تەواوی رووی لە رووسیا کردووە و راستەوخۆ قسەی لەگەڵ کردووە.
ویتکۆف پێیوایە ئۆکراینا و رووسیا لە سعودیە لەسەر ئاگربەستی دەریای رەش رێکدەون، ئەو گوتی: "پێموایە رۆژی دووشەممە لە سعودیە بەرەو پێشچوونی زۆر باش دەبینین، بەتایبەتی ئەوەی لەبارەی ئاگربەستی دەریای رەش و کەشتییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەیە. لەمەوە دەتوانین بۆ ئاگربەستێکی یەکجاری بڕۆین."
سەرچاوەیەکی حکومیی ئۆکراینا ئاشکرای کردووە، شەوی یەکشەممە، 23ـی ئادار، تیمی ئۆکراینا و ئەمریکا لە ریازی سعودیە کۆدەبنەوە و باسی جەنگە سێ ساڵییەکەی کیێڤ و مۆسکۆ دەکەن.
لە سەردەمی جۆ بایدن، ئەمریکا مامەڵەی "دووژمن"ـی لەگەڵ رووسیا دەکرد و لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا گوشارێکی زۆریان خستبووە سەر کرێملین. ویتکۆف گوتی، ئێستا رۆڵی ئەمریکا ئەوەیە لە هەردوو تێبگات و نێوەندگیری بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ