ڤلادیمیر پووتین: هەر کەسێک دەستی لە هێرشەکەی مۆسکۆدا هەبێت سزا دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا لەبارەی هێرشە چەکدارییەکەی مۆسکۆ هاتە دەنگ و گوتی، "تاوانباران سزا دەدەین. ئەوان ناتوانن یەکگرتوویی ئێمە تێکبدەن." ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەی کوژراوانی هێرشەکە لە بەرزبوونەوەدایە.
رۆژی شەممە، 23-03-2024، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی، "هەر تاوانبارێک دەستی لە هێرشەکەی مۆسکۆدا هەبێت، هەر کەسێک ئەوانی ئاراستەکردبێت، دەیدۆزینەوە و سزای دەدەین."
شەوی رابردوو چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان و دەستڕێژی گولـلەیان لە خەڵکی نێو هۆڵەکە کرد، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 115 کەس کوژراون و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
بەرپرسانی رووسیا دەڵێن، ژمارەی کوژراوەکان بەرزتریش دەبێتەوە، بەو پێیەی برینی بەشێک لە بریندارەکان سەختە.
دوای هێرشەکە داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.
پووتین گوتی، "تاوانباران بە دیاریکراوی هاتبوون تەقە لە منداڵەکانمان و هاووڵاتییەکانمان بکەن. ئەم هێرشە دژی رووسیا بوو".
دوای هێرشەکە، چەکدارەکان هۆڵەکەشیان ئاگرتێبەردا. رووسیا دەڵێت، چەکدارەکان بە شلەیەکی سووتێنەریان لە سووتاندنی هۆڵەکەدا بەکارهێناوە.
پووتین لە کۆتاییدا گوتی، "ئێمە یەکگرتووین و هیچ کەسێک ناتوانێت یەکگرتوویی گەلی ئێمە بهەژێنێت. هیچ کەسێک ناتوانێت تۆوی پشێوی بچێنێت."
رووداوەکە لە هۆڵێ کرۆکۆس سیتی بوو لە باکووری مۆسکۆ کە شوێنی چەند هەزار کەسێکی تێدا دەبێتەوە و بۆ کۆنسێرتی هونەرمەندە بەنێوبانگە جیهانییەکان بەکاردەهێندرێت.
سەرۆکی رووسیا گوتی، "هەموو هێزەکانمان یەکدەخەینەوە بۆ ئەوەی شەڕی تیرۆر بکەین و هیچ شتێکمان بۆ ئەو تیرۆریستانە نییە جگە لە سزا."