رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا دەڵێت، 107 برینداری هێرشەکەی شەوی رابردووی مۆسکۆ لە نەخۆشخانەکان ماون کە 42 یان لە دۆخێکی خراپدان.
رۆژی شەممە، 23ی ئاداری 2024، تاتیانا گۆلیکۆڤا، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا گوتی، 107 برینداری هێرشە "تیرۆریستیەکەی" شەوی رابردوو لە نەخۆشخانە ماون کە سێیان منداڵن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، 42 لەو بریندارانە لە دۆخێکی خراپدان.
جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، 15 لەو بریندارانەی لە نەخۆشخانە ماون تەواو تەندروستییان زۆر خراپە.
ئەو گوتانەی جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا لە کاتێکدان تەندروستیی مۆسکۆ بڵاویکردەوە، 121 کەس بریندار ببوون کە 14یان پێویستیان بە مانەوە لە نەخۆشخانە نەبوو.
شەوی رابردوو، لە باکووری رۆژئاوای مۆسکۆ چوار چەکدار هێرشیان کردە سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان و دەستڕێژی گولـلەیان لە خەڵکی نێو هۆڵەکە کرد، بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم کوژرانی 133 کەس پشتڕاستکراوەتەوە.
بەرپرسانی رووسیا دەڵێن، دەکرێت ژمارەی کوژراوەکان بەرزتر بێتەوە، بەو پێیەی برینی بەشێک لە بریندارەکان سەختە.
لە نوێترین گوتەیدا، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، "هەر چوار تاوانباری راستەوخۆی هێرشە تیرۆریستییەکە کە تەقەیان کرد و خەڵکیان کوشت، دۆزراونەتەوە و دەستگیرکراون."
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەوڵیان دا خۆیان بشارنەوە و بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، بە ئاڕاستەی ئۆکراینا دەڕۆیشتن؛ رێگەیەکیان لە دیوی ئۆکرایناوە بۆ کرابووەوە".
لە درێژەی گوتەکانیدا سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، لایەنە پەیوەندریدارەکانی وڵاتەکەی بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە، ئەوەش بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی تەواوی گرووپە "تیرۆریستییەکە" و ئەوانەی هاوکاریان بوون.
هێرشەکە لەلایەن بەشێک لە وڵاتانی یار و نەیاری رووسیاوە سەرکۆنە کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ