ئەمریکا هۆشداری لەبارەی هێرشەکەی مۆسکۆ دابوو
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە رووسیا چەند رۆژێک پێش ئەوەی هێرشەکەی سەر هۆڵەکەی مۆسکۆ رووبدات، هۆشداری دابوو.
رۆژی 7ـی ئەم مانگە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە رووسیا لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری لەبارەی بەئامانجگرتنی شوێنە گشتییەکانی مۆسکۆ دا و گوتی، "باڵیۆزخانە چاودێری ئەو راپۆرتانە دەکات کە باس لەوەکەن پەڕگیرەکان پلانێکی نزیکی هێرشکردنیان هەیە".
لەبارەی ئەو شوێنانەی کە هۆشداری دابوو رەنگە بکرێنە ئامانجی گرووپە پەڕگیرەکان، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە رووسیا رایگەیاندبوو، "پەڕگیرەکان پلانیان هەیە کە کۆبوونەوە گەورەکانی مۆسکۆ، لەنێویاندا کۆنسێرتەکان بکەنە ئامانج".
شەوی رابردوو ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا رایگەیاند، لە هێرشێکدا بۆ سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە، لانیکەم 60 کەس کوژراون و 145ـی دیکەش بریندار بوون کە برینی 60 کەسیان سەختە.
هێرشەکە کرایە سەر هۆڵی کۆکۆس سیتی لە باکووری مۆسکۆ. هۆڵەکە شوێنی چەند هەزار کەسێکی تێدا دەبێتەوە و بۆ کۆنسێرتی هونەرمەندە بەناوبانگە جیهانییەکان بەکاردەهێنرێت.
چەند کاژێرێکیش دوای رووداوەکە، رێکخراوی داعش لە گرووپی تێلێگرامی خۆی بەرپرسیارییەتی ئەنجامدانی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هێرشەکەی بە "هێرشی تیرۆریستیی خوێناوی" ناوبرد؛ لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە گەورەکان، لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد.
پێش ئەوەی رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە رابگەیێنێت، گومانەکان بۆ ئۆکراینا دەچوون، بەهۆی ئەوەی رووسیا و ئۆکراینا زیاتر لە دوو ساڵە لە جەنگدان.
دیمیتری مێدڤیدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییشی رووسیاش هەڕەشەی تووندی لە کیێڤ کرد.
مێدڤیدێڤ لە تێلیگرامەوە رایگەیاند، "ئەگەر بسەلمێندرێت کە ئەم تیرۆریستانە سەر بە رژێمی کیێڤن، ئەوا هەموویان دەدۆزرێنەوە و بێبەزەییانە وەک تیرۆریست لەنێودەبردرێن". ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرپرسانی ئەو ئەو وڵاتەی کە ئەم تاوانەی کردووە" پێویستە سزابدرێن.
میخایلۆ پۆدۆلیاک، راوێژکاری نووسینگەی ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گرتە ڤیدیۆییەکدا رەتیکردەوە، ئۆکراینا دەستی لە هێرشەکەدا هەبێت؛ سەرۆکایەتیی ئۆکرایناش رەتیکردەوە کیێڤ "هیچ پەیوەندییەکی" بە هێرشەکەی مۆسکۆوە هەبێت.
ئەمریکا هاوسۆزیی خۆی بۆ رووسیا راگەیاند و هێرشەکەی بە "تۆقێنەر" ناوبرد.