راوێژکاری ئەڵمانیا بۆ رووداو: گەرەنتیی ئاشتی لە جیهان ئەوەیە رووسیا خاکی ئۆکراینا جێبهێڵێت


رووداو دیجیتاڵ 

یەکەم رۆژی کۆبوونەوەی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتانی ئەندام بڕیاریاندا بە بەهای دوو ملیار یۆرۆ چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکراینا بنێرن. گۆڕانی کەشوهەوا و دۆزینەوەی جێگرەوەی گازی سرووشتیش تەوەرەی سەرەکی بوون و ئەو بوارانەن کە وڵاتان دەیانەوێت بە سەدان ملیار یۆرۆی بۆ تەرخان بکەن.
 
هەر یەکە لە سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتانی ئەندام لەو لووتکەیە پەیامی خۆیان بە گوێی رووسیادادا. لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند: تاکە چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە ئەوەیە کە رووسیا خاکی ئۆکراینا جێبهێڵێت. 
 
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند: "ئەوەی ئاشکرایە کە رووسیا پاڵپشتیی زۆربەی جیهانی لەدەستداوە؛ بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان روون و ئاشکرایە و وڵاتان دەنگیاندا؛ پاشان دووبارەکرایەوە و ئەو وڵاتانەی بێلایەن بوون، ئەوانیش هەڵوێستیان روون بوو. ئەوانیش شەڕانگێزیی رووسیا بە قبووڵنەکراو دادەنێن. ئەوان سەرکۆنەی ئەو شەڕانگێزییە دەکەن، ئەوان باش دەزانن کە ئاشتی لە جیهاندا لەژێر مەترسیدایە کاتێک بەهێزەکان هێرش بکەنە سەر بێهێزەکان؛ ئەوەی رووسیا دەیکات شەڕانگێزییە؛ بۆ ئەوەی ئاشتی لە جیهاندا گەرەنتی بێت، دەبێت رووسیا خاکی ئۆکراینا جێبهێڵێت."
 
مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی هێنایە نێو کۆبوونەوەی یەکێتیی ئەوروپا. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز رایگەیاند، "ئەمە ساتێکی گرنگە؛ زریانێکی تەواو لە ژمارەیەکی زۆری وڵاتە گەشەسەندووەکاندا دەبینین... ئامانجەکانی گەشەسەندنی بەردەوام پاشەکشە دەکەن. برسێتی و هەژاری زیاددەبێت، پەروەردە و خزمەتگوزاریی تەندروستی لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی جیهان روو لە خراپبوونن. روونیشە کە سیستمی دارایی نێودەوڵەتیمان لەگەڵ ئەو ئامانجی چارەسەرکردنی ئەم ئاستەنگە گەورەیە یەکناگرێتەوە. ئەوەش زیاتر لەسەر یەکێتیی ئەوروپا دەوەستێتەوە تاوەکو سەرکردایەتیی ئەو گۆڕانانە بکات کە پێویستن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەجێندای 2030 بخاتەوە سەر رێچکەکەی.
 
سیاسەتی ئابووریی یەکێتیی ئەوروپا پرسێک گرنگی لووتکەکەیە، کۆمیسیۆن پاکێجی یاسایی خستە سەر مێزی وڵاتانی ئەندام کە دەیەوێت ئابووریی ئەوروپا لە کێبڕکێیەکی بەهێزدابێت لە بەرامبەر چین و ئەمریکا.