ئەنجوومەنی پیران بڕیاریدا دەسەڵاتی "جەنگی دژی تیرۆر" لە دەستی پێنتاگۆندا بهێڵێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بە زۆرینەی رەهای دەنگ، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بڕیاریدا دەسەڵاتی ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئەو گرووپانەی واشنتن بە "تیرۆرست" ناویان دەبات، لە دەستی پێنتاگۆندا بهێڵێتەوە، ئەمەش دوای شکستهێنانی هەوڵێکی سیناتۆر راند پۆڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتەکە، کە لە ساڵی 2001ـەوە بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دراوە. 
 
دەسەڵاتەکە تایبەتە بەو پرسەی کە بە "شەڕی دژی تیرۆری جیهانی" ناودەبرێت و سیناتۆرەکان بە 86 دەنگی نەخێر و 9 دەنگی بەڵێ، هەوڵەکەی راند پۆڵیان رەتکردەوە. 
 
لە هەمان کاتدا، کۆنگرێس خۆی ئامادە دەکات بۆ دەنگدان لەسەر دوو پڕۆژەبڕیاری دیکە کە تایبەتن بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە عێراق. بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەنگ بدرێت بۆ ئەوەی دوو دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێز لە عێراق لە پێنتاگۆن بسەندرێنەوە، کە لە ساڵانی 1991 و 2002 پێیدرابوون تاوەکو  هێرشبکاتە سەر حکومەتی سەدام حوسێن.
 
ئەگەرچی ئەو دوو دەسەڵاتە بە دەگمەن بەکاردەهێنرێن و سەرنجیان تەنیا لەسەر عێراقە، دەسەڵاتەکەی ساڵی 2001 جۆرج دەبلیو بووش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکای دەستکراوە کرد لە داگیرکردنی ئەفغانستان و راگەیاندنی جەنگ دژی ئەو گرووپانەی بە "تیرۆرست" ناویان دەبات. 
 
یاساکە دەسەڵاتی بە پێنتاگۆن دابوو، هێز "دژی ئەو وڵات، رێکخراو و کەسانە" بەکاربهێنێت، کە پلانی هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەری 2001ـیان دانابوو یان یارمەتیی ئەو هێرشانەیان دابوو. 
 
دەسەڵاتەکە لە سێپتەمبەری 2001 بە پێنتاگۆن درا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆش وەکو بنەمایەک بۆ هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارە پەڕگیرەکان بەکاردەهێنرێت، لەوانەش قاعیدە، داعش و ئەلشەباب کە هەموویان بە هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا دادەنرێن. 
 
هەرچی دەسەڵاتەکەی ساڵی 2002ـە، دەسەڵاتەکە 20 ساڵ لەمەوبەر لە لایەن کۆنگرێسەوە بە پێنتاگۆن درا بوو بۆ ئەوەی هێرشبکاتە سەر عێراق و داگیری بکات. یاساکە زۆر کەمتر بەکارهێنراوە بەراورد بەوەی پێشوو باسکرا. ئەوانەی پشتیوانی لە سەندنەوەی دەسەڵاتەکە لە وەزارەتی بەرگری دەکەن، پێیانوایە دەکرێت دەسەڵاتەکە خراپ بەکاربهێنرێت. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەویش پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی دەکات. 
 
سەبارەت بە دەسەڵاتەکەی ساڵی 2001، واتە ئەوەی کە ئەنجوومەنی پیران بڕیاری دا لە دەستی پێنتاگۆندا بمێنێتەوە، سیناتۆرەکانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات دەڵێن، ئامادەن دەسەڵاتەکە بەرتەسک بکەنەوە، بەڵام نابێت بە تەواوی هەڵبوەشێندرێتەوە. 
 
بۆب مێنندێز، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران، پێش دەنگدانەکە گوتی: "هێشتا گفتوگۆیێکی بابەتیانەی ئەوتۆمان لەسەری نەبووە".
 
پۆڵ، ئەو سیناتۆرەی دەیویست هەڵیبوەشێنێتەوە، دەڵێت ئەگەر کۆنگرێس تەنیا ئەو دەسەڵاتانە هەڵبوەشێنێتەوە کە پەیوەستن بە عێراق و ئەوانی دیکە بهێڵێتەوە، "ئامانجەکەی ناپێکێت"، چونکە حکومەتی بەعسیش چیدیکە لەسەر دەسەڵات نییە. 
 
سیناتۆرەکە ئاماژە بەوە دەکات، بە هێشتنەوەی دەسەڵاتەکەی ساڵی 2001 لای پێنتاگۆن، کۆنگرێس رێگە بە وەزارەتی بەرگری دەدات دەسەڵاتی "راگەیاندنی جەنگی لە هەموو شوێن و هەموو کاتێکدا" هەبێت.
 
بڕیارە، ئەنجوومەنی پیران هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دوو دەسەڵاتەکەی تایبەت بە عێراق بدات. لە دەنگدانێکی تاقیکردنەوەییدا، ئەم هەفتەیە، 19 کۆماری لەگەڵ کۆی دیموکراتەکان هەڵوەشاندنەوەکەیان پەسند کرد. 
 
بەڵام روون نییە ئایا کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران پشتگیری لە هەڵوەشاندنەوەی دەکەن یان نا، تەنانەت ئەگەر لە ئەنجوومەنی پیرانی زۆرینە دیموکراتیش پەسندبکرێت. 
 
دوو ساڵ لەمەوبەر، کە دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران زۆرینە بوون، 49 ئەندامی کۆماری پشتیوانییان لە هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتەکانی پەیوەست بە عێراق کرد، بەڵام سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنەکە، کێڤن مککارتی، ئەو کات دژی هەڵوەشاندنەوەکە دەنگی دا.