باڵیۆزی رووسیا لە ئیندۆنیزیا: پووتین بە نیازە بەشداری کۆڕبەندی G20 بکات و ئەمریکا رازی نییە


رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی رووسیا لە ئیندۆنیزیا رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەنیازە بەشداریی لە کۆڕبەندی G20 بکات کە ئەمساڵ لە جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیزیا بەڕێوەدەچێت. هەموو ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکاتەوە کە باس لە دەرکردنی رووسیا دەکەن لەو هاوپەیمانێتییە.
 
دوێنێ سێشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دەکات بۆ دوورخستنەوەی رووسیا لە دیدارە نێودەوڵەتییەکان، وەکو گوشارێک بۆ سەر رووسیا بەهۆی هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا کە بووەتە هۆکاری دروستبوونی قەیرانی پەنابەران لە ئەوروپا و ناسەقامگیرکردنی بازاڕی جیهانی.
 
لیودمیلا ڤۆرۆبیڤا، باڵیۆزی رووسیا لە ئیندۆنیزیا گوتی، جاکارتای پایتەخت کە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا میوانداری کۆڕبەندەکە دەکات، پووتینی بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی لە کۆڕبەندەکە ئامادە بێت.
 
ڤۆرۆبیڤا گوتی، هەوڵی زۆر هەیە کە رووسیا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەربکرێت و ئەو هەوڵانە بە "نەگونجاو" ناودەبات.
حکومەتی ئیندۆنیزیا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە بابەتی کۆڕبەندی G20 لەمساڵدا سەبارەت بە چارەسەرکردنی بارودۆخی ئابووریی جیهان دەبێت و بە هیچ جۆرێک باس هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ناکرێت.
 
باڵیۆزی رووسیا لە ئیندۆنیزیا گوتی، "بە دڵنیاییەوە، دوورخستنەوەی رووسیا لە کۆڕبەندێکی لەم جۆرەدا، کێشە ئابوورییەکانی جیهان چارەسەر ناکات، بەڵکو چارەسەری کێشەکان قورستر دەبن بەبێ رووسیا". 
 
لە درێژەی قسەکانیدا لیودمیلا ڤۆرۆبیڤا، باڵیۆزی رووسیا لە ئیندۆنیزیا باسی لەوەش کرد، "هیوادارم حکومەتی ئیندۆنیزیا دەرگە بۆ گوشارەکانی رۆژاوا نەکاتەوە لەم بابەتەدا".
 
ئەوە لە کاتێکدایە جەیک سوڤیلیان، راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی رایگەیاندووە کە کۆشکی سپی سەبارەت بە ئەندامێتی رووسیا لە گرووپی G20 لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە گفتوگۆدایە.
 
رۆژی سێشەممە،22-03-2022 جەیک سوڤیلیان، راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئێمە پێمان وایە مانەوەی رووسیا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ئاسایی نییە".