23-02-2025
00:32
ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا راگەیێندرا. لەو هەڵبژاردنەدا 12 کورد بەربژێربوون و چواریان دەرچوون کە دوویان لە پارتی چەپ، یەکێکیان لە سەوزەکان و ئەوی دیکەش لە پارتی سۆسیال دیموکراتە.
رۆژی یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، هەڵبژاردنی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. زیاتر لە 59 ملیۆن کەس چوونە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگیان بۆ 630 کورسیی پەرلەمانی فیدراڵی دا.
لەنێو کوردەکاندا فیرات کۆچاک و میرزا ئەدیس، بەربژێرانی کورد لە پارتی چەپ، قاسم تاهیر، بەربژێر لە هاوپەیمانێتی سەوزەکان و سەردار یوکسەل، بەربژێر لە پارتی سۆسیال دیموکرات دەرچوون.
زۆرتری ئەو بەربژێرە کوردانە سەر بە پارتەکانی ئەوپەڕی نێوەڕاست تاوەکو چەپی نێوەڕاست بوون. ئەمجارە لەنێو پارتی کریستیان دیموکراتی راستئاژۆی نێوەڕاستیشدا بەربژێری کورد هەبوو؛ سەرۆکی یەکێک لە لیستە بەشدارەکانیش کورد بوو.
22:49
جێگری سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکرات بۆ رووداو: مێرتز راوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیایە
فریدریک مێرتز، سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتەکانی ئەڵمانیا. وێنە: AFP
جێگری سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتەکانی ئەڵمانیا دەڵێت، فریدریک مێرتز دەبێتە راوێژکاری داهاتووی وڵاتەکە.
یەنس شپان، جێگری سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتەکان بە رووداوی گوت: "راسپاردەیەکی روونمان هەیە و دەنگدەران خوازیاری گۆڕانکارین لە سیاسەتی وڵاتدا."
فریدریک مێرتز، سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتەکانی ئەڵمانیا کە بە رێژەی 29% دەنگی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان هێنا، دەڵێت: لە سبەینێوە دەست دەکەم بە دروستکردنی هاوپەیمانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.
ئەو گوتی، "ئەمشەو نا، ئەمشەو کاتی ئاهەنگگێڕانە، سبەی دەست پێدەکەین".
فریدریک مێرتز بەهێزترین بەربژێرە و سەر بە پارتی کریستیان دیموکراتەکانە (CDU)، پارتەکەی کە هاوپەیمانی لەگەڵ سۆشیاڵ کریستیانەکان هەیە، دەنگی یەکەمیان هێناوە. بەوپێیە، مێرتز لە پێش هەموو بەربژێرەکانی دیکەوەیە بۆ بوونە راوێژکاری ئەڵمانیا.
شپان دووپاتی کردەوە کە "شتێک روونە، فریدریک مێرتز دەبێتە راوێژکار" و ئەمەش وەک ئاماژەیەکی بەهێز بۆ ئاراستەی داهاتووی سیاسەتی ئەڵمانیا دەبینرێت. ئاماژەی بە بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسیی ئەڵمانیا کرد: "ناڕەزایەتییەکی زۆر لە وڵاتدا هەیە کە دوو هێندە بووە".
هەروەها باسی لە سەرکەوتنی پارتی راستڕۆی تووندڕۆی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) کرد و پەیوەندی ئەم سەرکەوتنەی بە کێشەی کۆچی نایاسایی و شکستی پرۆسەی یەکگرتنەوە بەستەوە.
22:14
فریدریک مێرتز: سبەی دەست دەکەم بە دروستکردنی هاوپەیمانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ
فریدریک مێرتز، سەرۆکی CDU و مارکوس سۆدر، سەرۆکی CSU کە هاوپەیمانن.
فریدریک مێرتز، سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتەکانی ئەڵمانیا کە بە رێژەی 29% دەنگی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان هێنا، دەڵێت: لە سبەینێوە دەست دەکەم بە دروستکردنی هاوپەیمانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.
ئەو گوتی، "ئەمشەو نا، ئەمشەو کاتی ئاهەنگگێڕانە، سبەی دەست پێدەکەین".
فریدریک مێرتز بەهێزترین بەربژێرە و سەر بە پارتی کریستیان دیموکراتەکانە (CDU)، پارتەکەی کە هاوپەیمانی لەگەڵ سۆشیاڵ کریستیانەکان هەیە، دەنگی یەکەمیان هێناوە. بەوپێیە، مێرتز لە پێش هەموو بەربژێرەکانی دیکەوەیە بۆ بوونە راوێژکاری ئەڵمانیا.
22:10
کورسیی لایەنەکان
630 کورسی لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا هەن؛ بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان کورسیی لایەنەکان بەمجۆرەیە.
630 کورسی لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا هەن؛ بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان کورسیی لایەنەکان بەمجۆرەیە.
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 23, 2025
دوایین زانیارییەکان لێرەوە بزانە: https://t.co/Yk072M2yIN pic.twitter.com/Wz5ndkA0Pp
21:32
فریدریک مێرتز بەهێزترین بەربژێرە و سەر بە پارتی کریستیان دیموکراتەکانە (CDU)، پارتەکەی کە هاوپەیمانی لەگەڵ سۆشیاڵ کریستیانەکان هەیە، دەنگی یەکەمیان هێناوە. بەوپێیە، مێرتز لە پێش هەموو بەربژێرەکانی دیکەوەیە بۆ بوونە راوێژکاری ئەڵمانیا.
ئەم پیاوە تەمەنی 69 ساڵانە و بە درووشمی "ئەڵمانیایەک کە جارێکی دیکە شانازی پێوە بکەین" بەشدار بوو لە هەڵبژاردنەکەدا.
بڕیاریداوە ئەگەر ببێتە راوێژکار، سنوورەکان زیاتر کۆنترۆڵ بکات، یاسای نوێ بۆ پرسی کۆچبەری دەربکات و باج کەم بکاتەوە.
20:44
کێ چەند کورسیی بەدەستهێناوە؟
630 کورسی لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا هەن. بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان کورسیی لایەنەکان بەمجۆرەیە:
کریستیان دیموکراتەکان و سۆسیال کریستیانەکان(راستڕۆ): 211 کورسی
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (دژە کۆچبەر): 143 کورسی
پارتی سۆسیال دیموکرات (پارتەکەی ئۆلاف شۆڵتز): 117 کورسی
سەوزەکان: 96 کورسی
چەپەکان: 63 کورسی
20:23
🔴 رێژەی بەشداریی 84% بووە
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا رایگەیاند، رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا 84% بووە.
هاوپەیمانیی کریستیان دیموکراتەکان و سۆشیاڵ کریستیانەکان (CDU/CSU) بە رێژەی 28.5% دەنگی یەکەمیان بەدەستهێناوە.
20:19
سەرۆکی پارتی راستڕۆی توندڕۆی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا(AfD) پێشوازی لە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی پارتەکەی کرد، دوای ئەوەی لە راپرسییەکانی دەرەوەی بنکەکان رێژەی 19.5 بۆ 20٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
ئەلیس ڤایدل، هاوسەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەڵێت: "ئێمە ئەنجامێکی مێژووییمان بەدەستهێنا".
هاوکات، بە لایەنگرانیشی گوت کە پارتە دژە-کۆچبەرەکە ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسییدا"بە تووندی جێگیر بووە."
20:06
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، هاوپەیمانیی کریستیان دیموکراتەکان و سۆشیاڵ کریستیانەکان (CDU/CSU) بە رێژەی 29% دەنگی یەکەم و پارتی AfD دژە کۆچبەر بە رێژەی 19.5% پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.
پارتەکەی ئۆلاف شۆڵتز، سۆشیاڵ دیموکراتەکان (SPD) بە رێژەی 16% پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.
ئەنجامەکان بەم شێوەیەن:
20:00
🔴 سندووقەکانی دەنگدان داخران
دوای 10 کاژێر، سندووقەکان و دەرگەی بنکەکانی دەنگدان لە ئەڵمانیا داخران. چاوەڕێ دەکەین بەزوویی یەکەم ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە بڵاوبکرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکان، هاوپەیمانیی کریستیان دیموکراتەکان و سۆشیاڵ کریستیانەکان (CDU/CSU) زۆرترین دەنگ و دژە کۆچبەرەکان (AfD) دەنگی دووەم بەدەست دەهێنن.
19:43
پەیام سەربەست، نێردراوی رووداو لە بەرلینەوە ئەنجامی بەرایی بنکەیەکی دەنگدانی دەستکەوتووە لە نێوەڕاستی شارەکە. بەپێی ئەنجامەکان بێت، پارتی کریستیان دیموکرات یەکەم و پارتی AfD دژە کۆچبەر دووەم بووە لەو بنکەیەدا.
بینەری پەیام سەربەست بن:
19:16
بەو پێیەی چاوەڕوان دەکرێت هیچ پارتێکی ئەڵمانیا نەتوانێت زیاتر لە 50٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنیت، بۆیە وەک هەمیشە چاوەڕێ دەکرێت حکومەتی ئەمجارەش لە هاوپەیمانێتیی چەند پارتێک پێکبێت.
ئەمجارەشیان لە جارەکانی پێشوو جیاواز نابێت و چەند بژاردەیەکەی جیاواز بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتیی جیاواز و حکومەت هەن. براوەی هەڵبژاردنەکە لەگەڵ چەند پارتێک هاوپەیمانێتیی پێکدەهێنێت، بەڵام رەنگە پێکهێنانی حکومەتیش چەندین هەفتە و مانگ بخایێنێت.
راپرسییەکان دەڵێن، ئەنجامەکان بەم شێوەیە دەبن: پارتی کریستیان دیموکرات 30٪، جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 20٪، سۆشیال دیموکرات 16٪، سەوزەکان 13٪ و چەپەکان 7٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.
بژاردەکانی پێکهێنانی حکومەت بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەم جۆرەن:
1- یەکێتیی کریستیان دیموکرات لەگەڵ پارتی سۆشیال دیموکرات.
2- یەکێتیی کریستیان دیموکرات + پارتی سۆشیال دیموکرات + پارتی سەوز.
3- یەکێتیی کریستیان دیموکرات+ پارتی سەوز+ پارتی دیموکراتی ئازادی.
4- یەکێتیی کریستیان دیموکرات + پارتی سۆشیال دیموکرات + پارتی دیموکراتی ئازادی.
5- پارتی سۆشیال دیموکرات + پارتی دیموکراتی ئازادی + پارتی سەوز.
19:04
کوردێک لە ئەڵمانیا: هیچ هەڵبژاردنێک هێندەی ئەم جارە گرنگ نەبووە
سکرینشۆتی جەمشید، لە پەخشی راستەوخۆی رووداو.
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا چووەتە ناوچەیەکی چڕ بە کۆچبەران، کە پێی دەڵێن "ئیستەنبووڵە بچووکەکە". لەوێ خێزانێکی کورد چێشتخانەیان هەیە. جەمشید خاوەنی چێشتخانەکەیە و لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە دەڵێت، "28 ساڵە لە دەرەوەم، هیچ هەڵبژاردنێک هێندەی ئەم جارە گرنگ نەبووە بۆ ئەڵمانیا".
گوێ لە تەواوی قسەکانی بگرن:
18:30
بەپێی دەنگدانی نێوخۆیی پارتەکان و رێککەوتنەکان، راوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا کە لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی هەیە و بڕیاربەدەستی یەکەمی وڵاتەکەیە، یەکێک لەم پێنج بەربژێرە دەبێت:
1- فریدریک مێرتز: بەهێزترین بەربژێرە و سەر بە پارتی کریستیان دیموکراتەکانە (CDU)، بەپێی پێشبینییەکان لە پێش هەموو بەربژێرەکانی دیکەوەیە.
مێرتز تەمەنی 69 ساڵانە و بە درووشمی "ئەڵمانیایەک کە جارێکی دیکە شانازی پێوە بکەین" بەشدارە لە هەڵبژاردنەکەدا.
بڕیاریداوە ئەگەر ببێتە راوێژکار، سنوورەکان زیاتر کۆنترۆڵ بکات، یاسای نوێ بۆ پرسی کۆچبەری دەربکات و باج کەم بکاتەوە.
2- ئۆلاف شۆڵتز: لە 2021ـەوە راوێژکاری ئەڵمانیایە و سەر بە پارتی سۆشیاڵ دیموکراتەکانە. حکومەتەکەی هەر لە سەرەتاوە بەهێز نەبوو، شیکەرەوان دەڵێن، بەشێکی بەهۆی هێرشی رووسیاوە بوو بۆ سەر ئۆکراینا و لێکەوتەکانی لەسەر ئەورووپا و ئەڵمانیا بەتایبەتی.
بەشێک لە ئەندامانی پارتەکەی پێیانوایە، نەدەبوو خۆی بەربژێر بکاتەوە چونکە کابینەکەی شکستیهێنا و هەر بەو هۆکارە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت.
3- ئەلیس ڤایدل: یەکێکە لەو دوو ژنەی بەربژێرن. تەمەنی 46 ساڵانە و سەر بە پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیایە (AFD) کە پارتێکی راستڕەوی دژە کۆچبەرە.
لە لایەن پارتە پارێزگارەکانی ئەورووپا و ئەمریکاوە پشتیوانی لێ دەکرێت. ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین مرۆڤی سەر زەوی پشتیوانی بۆ دەربڕیوە و لە کۆنفرانسەکانی پارتەکەی بەشداری دەکرد.
چانسی بوونە راوێژکاری کەمە، بەڵام لەنێو گەنجاندا لایەنگری زۆرە. لە تیکتۆک 870 هەزار فۆڵۆوەری هەیە.
ڤایدل بڕیاریداوە هەر کۆچبەرێک تاوان بکات لە ئەڵمانیا دەستبەجێ دیپۆرتی بکاتەوە و پێداچوونەوە بە کەیسی کۆچبەرانی دیکەشدا بکات، یاسای نوێ دەربکات و کۆچبەران بەکۆمەڵ بنێرێتەوە وڵاتانی خۆیان.
4- رۆبەرت هابێک: سەر بە پارتی سەوزەکانە و تەمەنی 55 ساڵانە. گوتوویەتی کە دەیەوێت دۆخی ئابووریی ئەڵمانیا بەرزتر بکاتەوە. لە کابینەکەی شۆڵتزدا جێگری راوێژکار و وەزیری داراییە.
بەپێی پێشبینییەکان، چانسەکانی بۆ بوونە راوێژکار بەهێز نین.
5- سارا ڤاگنکونێکت: خۆی بە چەپ دادەنێت و لە 2024 پارتێکی نوێی بەناوی خۆیەوە دروستکرد و ناوی ناوە هاوپەیمانیی سارا ڤاگنکونێکت.
تۆمەتبار دەکرێت بەوەی لە لایەن رووسیاوە پشتیوانی دەکرێت. سارا خۆی بە جێگرەوەی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) دەزانێت و دەڵێت، ئەوەی ئەوان پێیان ناکرێت لە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران، ئەم دەیکات.
لایەنگری کەمە و رەنگە نەتوانێت 05%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و بچێتە پەرلەمان.
17:39
هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس دەبێت لە نێوخۆ و لە ئەورووپا، بەهۆی ئەوەی زۆرترین رێژەی کوردیش لە دیاسپۆرا لەو وڵاتەیە، کاریگەری راستەوخۆی لەسەریان دەبێت.
کەواتە بۆچی هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا بۆ کورد گرنگە؟ ئەم خاڵانە بزانە:
- نزیکەی دوو ملیۆن کورد لە ئەڵمانیا دەژین.
- گەورەترین کۆمەڵگەی کوردیی دیاسپۆرا لە ئەڵمانیایە.
- دەیان کورد بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا بەربژێرن.
- سیاسەتی ئەڵمانیا کاریگەرە لەسەر چارەنووسی کورد.
- ئەڵمانیا سێیەم گەورەترین ئابووری هەیە لە جیهاندا.
16:57
بۆچی هەڵبژاردنی ئەم جارە بۆ ئەڵمانییەکان گرنگە؟
ژمارەیەک دەنگدەر لەبەردەم بنکەیەک لە رۆژئاوای ئەڵمانیا. وێنە: AFP
زۆر هۆکار هەن کە گرنگیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا لەم کاتەدا دەردەخەن، ئەمانەی خوارەوە بەشێکیانن:
- هێرشە تیرۆریستییەکان لە ئەڵمانیا زیادیان کردووە و پێویستی بە چارەسەرێکی بنەڕەتییە.
- ئەڵمانیا گەورەترین ئابووریی ئەورووپایە، ئەنجامەکان کاریگەرییان لەسەر ملیۆنان کەس دەبێت.
- لەنێو سوپای ئەڵمانیا قەیران هەیە و بەشێکی بەهۆی هاوکارییەکانیەتی بۆ ئۆکراینا.
- ژێرخانەکان لاواز بوون، شەمەندەفەرەکان لەکاتی خۆیدا ناگەن و بەپێی پێویست هۆکارەکانی ژیان بەدیجیتاڵی نەکراون.
- پرسی کۆچبەران گفتوگۆی قورس و چڕی لەسەرە و بەشێک لە خەڵکی و سیاسییەکان لەگەڵ دەرکردنی یاسای نوێ و دیپۆرتکردنەوەن، بەشێکی دیکەیان شانازی دەکەن کە وڵاتەکەیان جێگای خەڵکی جیاوازی تێدا دەبێتەوە.
16:57
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-2-2025، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی فیدراڵی لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. زیاتر لە 59 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
پەرلەمانی ئەڵمانیا لە 630 ئەندام پێکدێت و خەڵکی دەنگ بۆ خولی 21ـەکەمی دەدەن.
ئەمە چوارەم جارە لە مێژووی ئەڵمانیادا هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت (1972، 1983 و 2005).
ئەو پارتانەی کە پێشبینی دەکرێت زۆرترین دەنگەکان ببەن ئەمانەن: هاوپەیمانیی کریستیان دیموکراتەکان و سۆشیاڵ کریستیانەکان (CDU/CSU). پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) کە دژە کۆچبەرە. سۆشیاڵ دیموکراتەکان (SPD) کە پارتەکەی ئۆلاف شۆڵتزی راوێژکاری ئێستایە.
هەڵبژاردنەکە کاژێر 08:00ـی بەیانی (10:00 بە کاتی هەولێر) دەستیپێکرد و بڕیارە کاژێر 18:00 (20:00 بە کاتی هەولێر) کۆتایی بێت.