رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی سەرنجێکی تایبەتی لەسەر پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دەبێت. قسەکانی پووتین هاوکاتن لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-02-2023 لە رۆژی بەرگری لە 'زێدی باوکان' کە بۆنەیەکە لە رووسیا رایگەیاند، بۆ یەکەمجار مووشەکی کیشوەربڕی هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمی "سارمات" لە ئەمساڵدا بڵاودەکاتەوە. ئەوەشی گوت، مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە بەرهەمهێنانی سیستمی ئاسمانیی کینژاڵ و، دەستیش دەکەن بە زیادکردنی مووشەکی دەنگبڕی زیرکۆن لە دەریادا.
رووسیا بەنیازە رۆژی هەینی 24ی شووبات مەشقێکی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ چین لە ئەفریقای باشوور بکات، چەکێکی زۆر و مووشەکی دەنگبڕی ناردووە بۆ تاقیکردنەوە لە مەشقەکە.
ئەم خۆ یەکخستنەوەی رووسیا لە کاتێکدایە، وڵاتانی رۆژئاوا گوشارەکانیان بۆسەر مۆسکۆ ئێجگار بەرتەسک کردوونەتەوە، ئەمەش دوای کەمپەینێکی گەورەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە دژی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، کە هەینی 24-02-2023 یەک ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شەڕەکە تێپەڕدەبێت.
رۆژی سێشەممە لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا پووتین رێککەوتننامەی "نیو ستارت"ی لەگەڵ ئەمریکا هەڵپەسارد، کە تایبەتە بە کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی. واشنتن ئەمەی بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هەردوو وڵات و ئاسایشی جیهان وەسف کرد.
ئەو بڕیارەی پووتین تەنیا رۆژێک دوای سەردانێکی چاوەڕوان نەکراوی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هات بۆ کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا، کە لەوێ پاڵپشتیی واشنتنی بۆ بەرگری لە ئۆکراینا دووپاتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ