بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی کەرکووک: 12 کەس بەهۆی شکانی بۆڕی گازەکەوە ژەهراوی بوون

23-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە سنووری گوندێکی کەرکووک هێڵێکى گواستنەوەى گاز لەکاتی کارکردنی شۆڤڵ شکا و دوای ئەوەی بڕێکی زۆر گاز دزەی کرد، هاونیشتمانییانی گوندەکە بۆ پاراستنی ژیانیان، گوندەکەیان چۆڵکرد. بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی کەرکووکیش دەڵێت، "12 کەس ژەهراوی بوون و لە بنکەی تەندروستی یایچی چارەسەری پزیشکییان بۆ کراوە."
 
دکتۆر زیاد خەلەف، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەهۆی لێچوونی گاز لە بۆڕییە شکاوەکەدا 12 کەسی خەڵکی ناوچەکە ژەهراوی بوون و دۆخی تەندروستییان تێکچووە و بەپەلە گواستراونەتەوە بنکەی تەندروستی یایچی. 
 
دکتۆر خەلەف، باسی لەوەشکردووە، پزیشکان چارەسەری خێرایان بۆ بەرکەوتووانی گازەکە کردووە و چارەسەریان پێداون و دوای نزیکەی چوار کاژێر لە چارەسەرکردنیان، دۆخی تەندروستییان باشە و گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان. 
 
رەتیکردووەتەوە، کە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ناوچەکە گواسترابنەوە بۆ نەخۆشخانە سەرەکییەکانی کەرکووک و جەختی لەوەکردووە کە تەنیا ئەم 12 کەسە دۆخی تەندروستییان تێکچووە و چارەسەریان پێدراوە. 
 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2024، سەرچاوەیەکى بەرپرس لە کۆمپانیاى گازى باکوور بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "هێڵێکى 12 ئینجی گواستنەوەى گاز لە گوندى قزڵیار لە کەرکووک شکاوە و گازەکەى بڵاوبووەتەوە. هۆکاری شکانی بۆرییەکەش کارکردنی شۆفڵ بووە لەو شوێنەدا."
 
 
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە گوندەکەوە گوتی، "بۆرییەکەی شکاوە و لە بەیانییەوە گازێکی زۆری لێدەچێت، دانیشتووانی گوندەکەش ماڵەکانیان چۆڵکردووە و بەرەو دەشتایی پشت گوندەکەیان رۆیشتوون."
 
مامۆستا میکایل، بەڕێوەبەری قوتابخانەی قزڵیار بە رووداوی گوت، "کۆمپانیاکە بەیانی لە شوێنی بۆرییە گازەکەدا سەرقاڵی چاککردنی بۆرییەکە بوون. ئێمە لە قوتابخانە تاقیکردنەوەمان بە قوتابیان دەکرد کاتێک بۆریی گازەکە تەقی، بەپەلە قوتابخانەکەمان چۆڵکرد."
 
بەڕێوەبەری قوتابخانەکە گەواهیی ئەوە دەدات کاتێک بۆڕییەکە تەقیوە، دەنگێکی زۆر گەورەی لێ بەرزبووەتەوە، بۆیە "ئێمە بە مامۆستا و قوتابییەکانەوە 120 کەس بووین و هەموومان توانیمان بە سەلامەتی خۆمان بگەیێنینە پشت گوندەکە."
 
هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی گوندی قزڵیار بە رووداوی گوت، "پێشتر ئەم بۆرییە کونی بچووکی تێدەبوو یان گازی لێدەچوو، کۆمپانیا دەهاتن چاکیان دەکردەوە، بەهۆی ئەوەی بۆرییەکە چەندینجار پینەکراوە، کاتێک شۆڤڵەکە بەڕێکەوتووە، یەکسەر تەقیوە و لە بەیانییەوە بەردەوام گازی لێدەچێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی بەشە نێوخۆیی نوێی زانکۆی سەلاحەدین.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم ساڵ بەشە ناوخۆییەکەی زانکۆی سەلاحەدین بکرێتەوە

دوای 12 ساڵ لە دانانی بەردی بناخەی بەشەناوخۆیی زانکۆی سەلاحەدین، بڕیارە ئەم ساڵ بکرێتەوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆکە دەڵێت، تەنیا دابینکردنی کەلوپەلی ژوورەکان و ئامێری کارەبایی ماوە.