سووناک هەڕەشەی هێرشی زیاتر بۆ سەر حووسییەکان دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، حووسییەکانی ئاگادار کردەوە ئەگەر لە هێرشەکانیان لە دەریا سوور بەردەوامبن، هێرشی گەورەتر دەکرێتە سەریان.
 
رۆژی سێشەممە، 23ی کانوونی دووەمی 2024، ریشی سووناک، سەرۆکوەزیران بەریتانیا چووە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی و باسی لە وردەکاریی هێرشە هاوبەشەکانی شەوی دووشەممەی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکان لە یەمەن کرد و رایگەیاند، بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو گرووپە بەردەوام دەبن، ئەگەر حووسییەکان کۆتایی بە هێرشەکانیان لە دژی کەشتییە بازرگانییەکان لەنێو دەریای سوور نەهێنن.   
 
لەوبارەیەوە، سووناک بە پەرلەمانتارانی بەریتانیای راگەیاند، "ئێمە نامانەوێت بەریەککەوتنمان هەبێت. داوا لە حووسییەکان و پاڵپشتیکارانیان دەکەین، کە ئەو هێرشە قبووڵنەکراو و نایاساییانە کۆتایی پێبهێنن". 
 
هۆشداریشیدا و گوتی، "ئەگەر پێویست بێت، بەریتانیا دوودڵ نابێت لە وەڵامدانەوەکانی لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردن. ناکرێت دەستەوەستان بین و رێگەبدەین ئەو هێرشانە بێوەڵام تێپەڕن".
 
درەنگی شەوی دووشەممە، ئەمریکا و بەریتانیا، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، ئاماژەیان بەوە کرد، هەشت پێگەیان لە دەووروبەری شاری سەنعای پایتەختی یەمەن کردوونەتە ئامانج و هەریەک لە کەنەدا، هۆڵەندا، بەحرەین و ئوسترالیا رۆڵی پاڵپشتیکاریان لەو هێرشانەدا هەبووە. 
 
لەبارەی وردەکاری هێرشەکەوە، سووناک رایگەیاند، فرۆکە جەنگییەکانی سوپای بەریتانیا، دوو پێگەی حووسییەکانیان لە باکووری شاری سەنعا کردوونەتە ئامانج و بەڵگەشیان لەبەردەستە سەرجەم هێرشەکان، ئامانجەکانی خۆیان پێکاوە. 
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ئەمە هەشتەمجارە هێرشدەکرێتە سەر حووسییەکان و دووەمجاریشە ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوبەشی هێرش دەکەنە سەریان، بەڵام ئەو گرووپە چەکدارەی نزیک لە ئێران لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور بەردەوام بوون و راشیانگەیاندووە، هێرشەکانیان وەکو تۆڵەکردنەوەیە لە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی و هێرشەکانیش کۆتایی نایەت، تا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوام بێت. 
 
لەبارەی هێرشەکانی شەوی دووشەممە، ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە "سێنتکۆم"، ئاماژەی بەوە کرد، سیستمی مووشەک، سەکۆی هەڵدانی مووشەک، سیستمی رادار و کۆگەی چەک و تەقەمەنی حووسییەکانی کردوونەتە ئامانج. 
 
لەلایەکی دیکەوە، دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، لە 11ی ئەم مانگەوە، حووسییەکان زیاتر لە 12 هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی دەریا سوور و لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کامیرۆن نووسیویەتی، "دەمانەوێت لەرێگە ئەو هێرشانەوە، پەیامێکی روون بۆ حووسییەکان بنێرین تاوەکو توانای بەردەوامیی ئەو هێرشانەیان لاواز بکەین".