لە زامبیا 10 هەزار تووشبووی کۆلێرا تۆمارکراون و 400 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
لە زامبیا زیاتر لە 10 هەزار کەس تووشی کۆلێرا بوون و تائێستا لانیکەم 400 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسانی وڵاتەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە داوای هاوکاریی هەمەلایەن دەکەن.
سیلڤیا ماسیبۆ، وەزیری تەندروستیی زامبیا رایگەیاند، "کاتی پەنجە راکێشان بۆ یەکدی و تۆمەتبارکردنی یەکدی نییە بەوەی بۆچی و کێ چی نەکردووە. کاتی پاڵپشتیکردنی یەکدییە بۆئەوەی مردن کەم بکەینەوە. تکایە با وەکو یەک نەتەوە کار بکەین."
بەرپرسانی حکومەتی زامبیا چەند رێکارێکیان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە گرتووەتەبەر، لەوانەش داخستنی قوتابخانەکان، کوتانی خەڵک و دابەشکردنی ئاوی پاک.
پزیشکانیش ئامۆژگاریی هاووڵاتییان دەکەن، لەکاتی هەستکردن بە نەخۆشی، بە زوویی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.
کێنێدی چیکێندا، پزیشک باسی لەوە کرد، "لەڕاستیدا، ئاڵنگاریی گەورە ئەوەیە نەخۆشەکان درەنگ دێن. کاتێک دێن کە زۆر وشکبوونەتەوە. تاوەکو چارەسەری پێویستیان بۆ دەکەین، زیاتر وشک دەبنەوە و نزیک دەبنەوە لە مردن."
هۆکاری تووشبوون بە کۆلێرا، خواردن یان خواردنەوەیەکی پیسبووە بە ڤایرۆسی ڤایبرۆ کۆلێرا. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە ملیۆنێک و 300 هەزار بۆ چوار ملیۆن کەس تووشی کۆلێرا دەبن؛ بەهۆیەوە 21 هەزار بۆ 143 هەزار کەس گیان لەدەستدەدەن.