سەرۆکی ئەرمینیا دەستی لەکارکێشایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا، سەرۆکی ئەرمینیا دەستی لەکارکێشایەوە و دەڵێت، دەستووری وڵاتەکەی وەکو پێویست دەسەڵات و بڕیاری پێنەداوە تاوەکو کاریگەریی لەسەر دۆخی وڵاتەکەی هەبێت.
 
ناڕەزایی ئارمین سارکیسیان، سەرۆکی ئەرمینیا لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو سەرۆکی ئەرمینیا لەسەر کۆمەڵە پرسێکی نیشتمانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران نیکۆل پاشینیان لێی بووە کێشە و ناکۆکی، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکوەزیران فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی لە کارەکەی دوورخستەوە.
 
لە ئەرمینیا رۆڵ و دەسەڵاتەکانی سەرۆکوەزیران لە سەرۆکی وڵات زیاترن؛ سەرکیسیان لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، "ماوەیەکی زۆرە بیری لێدەکەمەوە؛ بڕیارم داوە دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی وڵات ببم، دوای ئەوەی چوار ساڵ چالاکانە کارم کرد".
 
سەرۆکی ئەرمینیا زانیاریی زیاتر لەسەر وردەکاریی دەستلەکارکێشانەوەکەی دەدرکێنیت و دەڵێت، "لەوانەیە پرسیار دروست ببن و بڵێن بۆ سەرۆک نەیتوانی کاریگەری لەسەر هەژموونی سیاسی هەبێت کە ئێمەی بەم قەیرانە هەنووکەییە گەیاندووە. هۆکارەکەی روونە، ئەویش کەموکوڕییە لە ئامرازی پێویست لە دەستوور".
 
لە گشتپرسییەکی ساڵی 2015دا سیستم لە ئەرمینیا بووە پەرلەمانی، ئەوەش وایکرد دەسەڵاتەکانی سەرۆک کەمبکرێنەوە. هەرچەندە سەرکیسیان ئاماژە بە هیچ گۆڕانکاری و رووداوێک لە وڵاتەکەی ناکات، بەڵام کاتێک ساڵی 2020 ئەرمینیا و ئازەربایجان کەوتنە شەڕێکی شەش هەفتەیی و دواتر ئاگربەستیان راگەیاند، ئەو رووداوانە هەموویان دوور لە هەر دەسەڵات و کاریگەرییەکی سەرۆکی وڵات هاتن و تێپەڕین.
 
سەرکیسیان لە نیسانی ساڵی 2018وە سەرۆکی ئەرمینیایە، لە ساڵی 1996 تاوەکو 1997 سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بوو. لە 23ی حوزەیرانی 1952 لە یەریڤان لەدایکبووە، کەسایەتییەکی سیاسیی ئەرمەنیی سەربەخۆیە، باوکی دوو منداڵە.