کەسێکی بەبەخت خەڵاتێکی یەک ملیار دۆلاری دەباتەوە

رووداو دیجیتاڵ

کەسێکی خەڵکی ویلایەتی میشیگنی ئەمریکا خەڵاتی گەورەی یەک ملیار دۆلاریی مێگا ملیۆنی بردەوە، بەڵام ناسنامەکەی دیار نییە و پێدەچێت وەک نەریتەکانی پێشوو خاوەنەکەی بە نهێنی بمێنێتەوە.
 
لەکاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی شەممە لیستی براوەکانی تیروپشکی گەورەی مێگا ملیۆن ئاشکرا کرا و دەرکەوت کە ئەو ژمارەیەی دەرچووە هی کەسێکی خەڵکی میشیگنە.
 
لە یارییەکەدا خەڵاتی جاک پات (خەڵاتی بێشومار) بەرزبووەوە بۆ 1 ملیار دۆلار، کە سێیەم بەرزترین ژمارەیە لە مێژووی یاریی مێگا ملیۆن.
 

ئەو ژمارەیەی کە خەڵاتەکەی بۆ دەرچووە 4, 26, 42, 50, 60 و   24 ـە. ئەمە دووەمین جاک پاتی گەورەی لۆتەریی مێگا ملیۆن و سێیەمین ژمارەی گەورەی لۆتەرییە کە لە مێژوودا و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دراوەتە کەسێک.
 
پێش ئەم کەسەی کە خەڵاتەکەی ئەمجارەی بردەوە، لە 23ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2018 لە کارۆلاینای باشوور کەسێک خەڵاتی یەک ملیار و 537 ملیۆن دۆلاریی بردەوە و ئێستا ئەو کەسە خاوەنی گەورەترین خەڵاتی لۆتەریی مێژووە.
 
ئەمە هەژدەیەمین جارە کە کەسێکی خەڵکی ویلایەتی میشیگنی ئەمریکا خەڵاتی جاک پات (خەڵاتی بێ شومار) لۆتەریی مێگا ملیۆن دەباتەوە.