کۆڕبەندی داڤۆس؛ ئەمساڵ گەشەی ئابووریی جیهان زیاتر دەبێت

23-01-2018
رووداو @Rudawkurdish
ئۆکسفام: 1%ـی سەرمایەدارە زۆر گەورەکانی جیهان 82%ـی سامانی جیهانیان بەدەستەوەیە
ئۆکسفام: 1%ـی سەرمایەدارە زۆر گەورەکانی جیهان 82%ـی سامانی جیهانیان بەدەستەوەیە
نیشانەکردن داڤۆس
A+ A-

رووداو - داڤۆس

گەشەی ئابووریی جیهان بە تەوەری سەرەکی کۆمپانیا راوێژکارییەکانی ئابووری لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لەقەڵەمدەدرێت و، سەرۆکی یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی راوێژکاریی ئابووری کە لە کۆڕبەندەکەی ئەمساڵی داڤۆس بەشدارە، پێیوایە ئابووری جیهان ئەمساڵ بەرەو گەشەی زیاتر دەڕوات. 

داڤۆس یەکێكە لە گرنگترین کۆڕبەندە ئابوورییەکانی جیهان، لەنێو داڤۆسیشدا، پی دەبلیو سی (PWC) دامەزراوەی زەبەلاحی جیهانییە، کە پێگەی پۆڵایی لەسەر نەخشەی راوێژکاری ئابووریی جیهاندا هەیە.

بۆب مۆرتیز، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەکە دەڵێت "تۆ تەماشای گەشەکردنە بەراوردییەکە دەکەیت، کە لە بازاڕی پشکەکاندا روویدا و، هۆکاری ئەم گەشبینییەی ئێمەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئەو گەشەیە تاوەکو چەند بەردەوام دەبێت؟ یان ئایا گەشەکردنەکە لە لووتکەیە و بەرەو داکشان دەڕوات؟ راستە ئەگەری داکشانی گەشەکە زیاترە لە هەڵکشانی، ئەوەش بە سرووشتی ئەمڕۆی سیستمی جیهانی ئێمە بەستراوەتەوە، بەڵام هاوکات سەرمایەیەکی زۆریش هەیە کە چاوەڕێی دەرفەتی وەبەرهێنانە و، چاویان لە قازانجەکانی بازاڕی پشکەکانە".

هاوکات لەگەڵ گەشبینییەکانی بۆمب مۆرتیز، بانکی جیهانییش گەشبینە، ئەو پێشبینی کردووە، لە ساڵی 2018 تێکڕای گەشەی ئابووریی جیهانی بەڕێژەی 3.7% بەرزببێتەوە، لەو رێژەیەش ئابووریی وڵاتە پێشکەوتووەکان بەڕێژەی 2.2% گەشە دەکات، ئابووریی وڵاتە تازەپێگەیشتووەکانیش بەڕێژەی 4.5  گەشەدەکات.

هەر لە داڤۆس، کریستین لاگار، سەرۆکی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینییەکانی گەشەکردنی ئابووری جیهانی خستەڕوو. راپۆرتەکانی سندووقەکە بە 2 خاڵ پێشبینییەکانی بەرزکردەوە و گەیاندنیە 3.9.

کریستین لاگار، سەرۆکی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو رایگەیاند "ئابووریی جیهان لەدوای ساڵی 2016 بەردەوام بووە لە گەشەکردن و ئەو گەشە ئابوورییەش لە ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت. هەرچەندە دەبێت ئێمە لە گەشەی ئابووریی جیهان هێز وەربگرین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە خەیاڵمان ئاسوودە بێت و بە تەواوی بزانین. بۆچی ئەم قسەیە دەکەم؟ چونکە هێشتا بە ملیۆنەها کەس هەن شکستیان خواردووە و لە ئابوورییەکی گەشەسەندوو بێبەشن. هۆکاری سەرەکی ئەم گەشەی ئابوورییە بۆ سرووشتی بازنەیی رێژەی گەشەی ئابووری و ئەو چاکسازییانە دەگەڕێتەوە، کە لەلایەن وڵاتانەوە ئەنجامدران".

یەک رۆژ پێش بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، رێکخراوی ئۆکسفام کە سەندیکایەکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە رێکخراوە خێرخوازییەکانە، راپۆرتێكی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاشکرای کرد: رێژەی 1%ـی سەرمایەدارە زۆر گەورەکانی جیهان 82%ـی کۆی سامانی جیهانیان بەدەستەوەیە. ئۆکسفام داوای لە بەشداربووانی داڤۆس کرد؛ کۆتایی بە دیاردەی خۆدزینەوەی سەرمایەداران لە پێدانی باج بهێنن، هەروەها کەمترین ئاستی مووچەی هەژاران دیاریبکرێت.


پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە