رووسیا دەڵێت هێرشی کردووەتە سەر کۆگەیەکی چەکی ئۆکراینا
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی هێرشیان کردووەتە سەر کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنیی ئۆکراینا و لەنێویانبردووە، ئۆکرایناش دەڵێت، لە ژمارەیەک قۆڵەوە بەرپەرچی هێرشەکانی رووسیایان داوەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، رۆژی هەینی تاوەکو شەممە، هێزەکانیان گوندێکی دیکەیان لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵکرد و لە ژمارەیەک پێگەی ئۆکراینییەکانیان داوە، لەنێویاندا کۆگەی چەک و تەقەمەنی، زرێپۆش و تۆپهاوێژ.
وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەکات، سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەرپەرچی دەیان مووشەک و درۆنی ئۆکراینای داوەتەوە. هەروەها هێزەکانی رووسیا بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر سەربازان و چەکی ئۆکراینا لە هەرێمی کورسکی رووسی.
هاوکات سوپاسالاری ئۆکراینا رایگەیاند، رۆژی هەینی تاوەکو ئێوارەی رۆژی شەممە، هێزەکانیان لە زیاتر لە 100 شوێنەوە لەگەڵ هێزە رووسییەکاندا لە شەڕدا بوون.
بە گوتەی سوپاسالاری ئۆکراینا، هێزەکانیان بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پلانەکانیان بۆ ئەوەی رێ لە هێرشی رووسەکان بگرن و ژمارەیەک هێرشیان "سەرکەوتووانە" تێکشكاندووە.