ئەمریکا "بە هەڵە" فڕۆکەیەکی لە دەریای سوور دەخاتە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ رایگەیاند، هێزەکانیان "بە هەڵە" فڕۆکەیەکی جەنگیی وڵاتەکەیان لە ئاسمانی دەریای سوور خستووەتەخوارەوە، لە ئەنجامدا کورسیی فڕۆکەوانەکانی فڕێدراونەتە دەرەوە و رزگاریان بووە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)ـیش ئاماژە بەوە دەکات، "هەڵسەنگاندنی سەرەتایی پێشانیدەدات؛ یەکێک لە فڕۆکەوانەکان بە سووکی بریندار بووە."
سێنتکۆم هەروەها دەڵێ "رووداوەکە بەهۆی تەقەی دوژمنەوە نەبووە. لێکۆڵینەوەی تەواو لە رووداوەکە بەردەوامە."
بە گوتەی سێنتکۆم، کەشتیی جەنگی یوو ئێس ئێس گێتیسبێرگ "بە هەڵە" تەقەی لە فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F18 کردووە و لێیداوە.
فڕۆکەکە لەلایەن فڕۆکەوانەکانی سەر بە کەشتییەکی دیکەی ئەمریکی، یوو ئێس ئێس هاری ترومانەوە بەکاردەهێنرا.
ئەم هەڵەیەی سوپای ئەمریکا مەترسیی کاری هێزەکانی ئەو وڵاتە لە دەریای سوور پێشاندەدات، کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە حووسییەکانی یەمەن کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەکەنە ئامانج.
رۆژی شەممە، ئەمریکا رایگەیاندبوو هێرشی کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی حووسییەکان لە سەنعای پایتەختی یەمەن، ئەوەش چەند کاژێرێک دوای ئەوەی حووسییەکان مووشەکێکیان ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد، کە بووە هۆی برینداربوونی چەند ئیسرائیلییەک.
سێنتکۆم دەڵێت، هێزەکانیان ژمارەیەک درۆن و مووشەکێکی دژەکەشتیی حووسییەکانیشییان لە ئاسمانی دەریای سوور خستوونەتەخوارەوە.
حووسییەکان دەڵێن، وەک هاوسۆزییەک بۆ فەلەستینییەکانی غەززە، کە لە ژێر هێرشی بەردەوامی ئیسرائیلدان، هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە دا.